مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێکران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان ھەردوو گەلی فەرەنسا و کوردستان لە بوارە جیاجیاکان کرایەوە.
لەسەرەتای دیدارەکەدا مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی فەرەنسا و ھەوڵەکانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆنی کرد لە پشتیوانی و یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستان، بەوەی فەرەنسا لە گشت قۆناغەکاندا ھاوکار و پشتیوانێکی گەورەی خەباتی گەلی کوردستان بووە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق تیشکی خستە سەر پێشڤەچوونەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ئاماژەی بەوەدا کە بە رەچاوکردنی دەستوری عێراق ھەوڵ بۆ نەھێشتنی کێشەکان دەدرێت.
ھەر لەو دیدارەدا لەبارەی ئەگەر و ھەلومەرجەکانی بارودۆخی سوریا جەخت لە گرینگی ھێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری سیاسیانەی کێشەکانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەک کرایەوە، کە ویست و مافی ھەموو پێکھاتەکان لەخۆبگرێت.
لەلای خۆیەوە ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خواست و تیشکی خستە سەر شێوازی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و رایگەیاند، پەیوەندی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان مێژوویی و گرینگن.
ھەروەھا خۆشحاڵیی خۆی بە قۆناغی نوێی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا نیشاندا، دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی لە پشتیوانی و ھاوکاری ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.