راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، دوو برای دانیشتووی قەزای كەلار بەتۆمەتی پەیوەندیان بە داعشەوە سزادران و هەریەكەیان 5 ساڵ و یەك مانگ بەند دەكرێن.
بەپێی راگەیێندراوەكەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ئەمڕۆ یەكشەممە 13 كانونی دووەمی 2019 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە و پاش كۆكردنەوەی زانیاری ورد و تەواو لە لایەن هێزەكانیانەوە و بە هاوكاری هێزەكانی یاریدەدرێتی ئاسایشی كەلار توانراوە لە مانگی حوزەیرانی 2018دا، دوو تاوانباری دانیشتووی قەزای كەلار دەستگیربكرێن.
ئاسایشی گەرمیان ناسنامەی ئەو دوو هاوڵاتییەی بەناوەكانی ئەیوب دڵشاد عەلی لەدایكبووی ساڵی 2000 و محەمەد دڵشاد عەلی لەدایكبووی ساڵی 1998 بڵاوكركردووەتەوە كە برای یەكن.
ئەوەشی خستووتەڕوو، پاش ئەوەی دۆسیەكەیان خراوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە و دوای چەندین دانیشتنی دادگا و دانپێدانانی تاوانبارانی ناوبراو بە تاوانەكانیاندا، سەرەنجام ئەمڕۆ یەكشەممە ١٣ی كانونی دووەم لە لایەن سەرۆكایەتی دادگای تاوانەكانی كەركووك/گەرمیانەوە بڕیاری سزادان بۆ هەردوو تاوانباری ناوبراو، بۆ هەر یەكەیان ماوەی پێنج ساڵ و یەك مانگ سزای بەندكردن بە سەریاندا سەپێنراوە.
له راگهیهندراوهكهی ئاسایش هاتووه بۆ بەرسەربردنی ماوەی سزاكەیان ئەو دوو تاوانبارە ڕەوانەی بەرێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی سلێمانی كراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.