شاندێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە كێشەو گرفتەكانی هاووڵاتیان لە كەرتەكانی كارەبا و گرفتی ئاوی خواردنەوە و پێداویستی سووتەمەنی لە ناوچە شاخاوییەكان، سەردانی قەزای چۆمانیان كرد و لە دیوانی قائیمقامیەتی ئەو قەزایە لەگەڵ یەكەی ئیداری ناوچەكە كۆبوونەوە.
وەیسی سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان تی ڤی راگەیاند: فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو كێشەو گرفتانە دەكات كە لەم ناوچەیەدا هەن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بگەینە خاڵی چارەسەری.
گووتیشی" خەڵكی قارەمانی باڵەكایەتی شایەنی ئەوەن، بە قەد خۆڕاگری و خزمەتیان لە شۆرشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان، خزمەتیان بكرێت و پێویستە ئەو قوربانیەی لە بزاڤی رزگاریخوازی كورد داویانە لەبەرچاو بگیردرێت و ئێستا بە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ئاوڕی زیاتر لە دەڤەرەكە بدرێتەوە، بێگومان ئێمەش بەدواداچوونی جددی لەسەر كێشەو گرفتەكانی ئەو قەزایە دەكەین و لە هەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین.
14 رۆژە بەهۆی رۆچوونی زەوی و زۆری بەفر لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە، تۆڕی ئاوی خواردنەوەی چۆمان پەكی كەوتووە و ئەمڕۆ دوای كاركردن بۆ 4 رۆژ، كارەكان بەكۆتا هاتن.
هەروەها ناوچەكە لە وەرزی زستان تووشی كەمی كارەبای نیشتیمانی بووەتەوە و داوادەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان سووتەمەنی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە دابین بكات، چونكە ناوچەكەیان كە لەرووی دابەزینی پلەكانی گەرما جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ناوچەكانی تر هەیە.
كەریم سمكۆ/ پهیامنێرى كوردستان تی ڤی له چۆمان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.