Erbil 19°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 17:59

هۆشیار سیوەیلی: پارتی لە هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێزی نیشتیمانییە

هۆشیار سیوەیلی لەگەڵ كۆنسووڵی گشتیی كۆماری چیك كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

لە دیداریدا لەگەڵ كۆنسووڵی گشتیی كۆماری چیك، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، پێویستە حكوومەتی نوێی عێراق، هەڵەی حكوومەتەكانی پێشوو دووبارە نەكاتەوە و دەستوور بكەنە بنەمای كاركردن.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار سوەیلی، پێشوازی لە میخاڵ سڤۆبۆدا، كۆنسووڵی گشتیی كوماری چیك و شاندی یاوەری كرد.

پاش بەخێرهاتنی شاندی میوان، سیوەیلی سوپاسی گەل و حكوومەتی كۆماری چیكی كرد بۆ ئەو پشتگیری و هاوكاریانەی كە پێشكەش بە گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلی بەرز نرخاند و بە پەیوەندییەكی بەهێزی مێژوویی باسی كرد، كە دەگەڕێتەوە بو ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو و ئەم پەیوەندیانەیش بەردەوامییان هەبووە لە چەند ساڵی ڕابردودا و چوونەتە قۆناغێكی تر و بەهێزتر بوون لە هەموو بوارەكاندا.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، هۆشیار سیوەیلی باسی لە دواپێشهاتە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە كرد و، جەختی لە سیاسەتی پارتی كردەوە كە پێویستە هەمووان پێكەوە هاوكار و هەماهەنگ بین بۆ تێكشكاندن و لاوازكردنی دوژمنە هاوبەشەكانمان كە ڕێكخراوە توندڕەوكانن، ئەمەیش تەنیا لە ڕووی سەربازیەوە كۆتای نایەت، بەڵكوو پێویستی بە بەرنامەیەكی هاوبەش و درێژخایەن هەیە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، بە تایبەتی پەروەردە و رەخساندنی هەلی كار و و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كە لە ئاست داواكاری و پێداویستییەكانی دانیشتوواندا بێت.

سیوەیلی، هەروەها باسی لە پەیوەندییەكانی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم كرد و ئەو دەرفەتانەی لە بەردەمن بۆ چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و هەماهەنگی بۆ تێكشكاندنی گرووپە توندڕەوەكان و هەماهەنگی و پێكەوەكاركردن بۆ كۆتاییهێنان بەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی پشتگیری لە بیری توندڕەوەی لە عێراق، ئەمەش بە جێبەجێكردنی دەستوور و لێكتێگەیشتن و بەشداریی سیاسی هەموو پێكهاتەكان دێتە ئاراوە.

گوتیشی، گرینگە حكوومەتی نوێی فیدراڵ، هەڵەی حكوومەتەكانی پێشوو دووبارە نەكاتەوە و عەقڵییەتی دەسەڵاتی ناوەندی و گۆشەگیركرنی پێكهاتەكان واز لێ بێنن و دەستوور بكەنە بنەمای كاركردن.

دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، سیوەیلی رایگەیاند، دانوستانەكان بەردەوامن و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی نیشتیمانییە، كە بتوانێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بكات و بەردەوامی بە سەقامگیری و بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری بدات و باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، ئەوەش ئەركی سەرەكیی حكوومەتە.

میخاڵ سڤۆبۆدا، سوپاسی رەخساندنی ئەو دیدارەی كرد و باسی لە كار و بەرنامەی وڵاتەكه‌ی كرد، كە ئەوان بەلایانەوە گرینگە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی پەروەردە، ئابووری، كولتووری، بازرگانی و بەردەوامبوونی هەماهەنگیی سەربازی بۆ تێشكاندنی گرووپە تیرۆریستییەكان، پەرە پێبدەن.

سڤۆبۆدا، هەروەها ئاماژەی بە كردنەوەی لقێكی زانكۆی ئۆستراڤا كرد لە هەولێر و بەرنامەی دروستكردنی و فراوانكردنی زانكۆ و پەیمانگا و  خوێندنگای دیكە، لەبەر ئەوەی لەو باوەڕەدان پەرەدان بە بواری پەروەردە، باشترین ڕێگایە بۆ پێشخستن و گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی و بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان گەلان.

كۆنسووڵی گشتیی كۆماری چیك، ئاماژەی بە گرینگی یەكدەنگی و یەكڕیزیی كرد لە بەرەوپێشەوەچوون و بەردەوامیی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و، هیوای خواست بەم زووانە حكوومەتێكی بەهێز و یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان پێك بهێندرێت و بتوانێت بەردەوامی بە كاروانی سەقامگیری و ئاوەدانی بدات.  

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.