Erbil 15°C شەممە 15 حوزەیران 11:56

هاوسەرۆکی تەڤگەرى ئازادى: ئاسایشی یەکێتی دەچنە سەر ماڵان و هەڕەشەیان لێ دەکەن

تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ڕه‌خنه‌ له‌ یه‌كێتى ده‌گرێت
کوردستان TV
100%

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کە گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە، ئاشکرای کرد کە ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵدەکوتنە سەر هەندێک ماڵ و هەڕەشەیان لێ دەکەن.

تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ ”یەکێتییەکی پاک نەماوە پێش بەو ھەڵسووکەوتە قێزەونانەی حزبەکەی بگرێت؟ یەکێتی گەیشتۆتە دۆخێک کە کتێب قەدەغە بکات، کەلتوور بشێوێنێت، ھونەر ڕابگرێ و دەرگای ڕۆشنگەری دابخات! ئایا ئەمە ئیفلاسی سیاسییە یان سەرلێشێوان؟ بەڕای من یەکێتی ناتوانێ بە مەلە لەناو ئەم زۆنگاوەدا دەرباز ببێت“.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ١ی ٢٠١٩، ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و دوو ژنە چالاکوانی دیکەی سەر بە پەکەکەیە، بەو بۆنەیەشەوە لایەنگرانی پەکەکە لە سلێمانی بە نیازی چەند چالاکییەکن، بەڵام یەکێتی بەهۆی ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ تورکیا کە بەتایبەتی پاش سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەنقەرە زۆرتر کەوتووەتە بواری کردارییەوەو ڕێگەیان لێ دەگرێت.

تارا حوسێن لە نووسینەکەیدا باسی لە داخستنی سینەما (سالم)ی شاری سلێمانی کردووە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ فیلمێک لە بارەی ژیانی جانسز نمایش بکات، بەڵام ئاسایشی یەکێتی ”بە کلیل و قوفڵێک دەرگای سینەماکە دادەخات و یەک پەڕۆی ڕەش دەدات بە ناوچەوان و بەرۆکی ڕۆشنگەری و ئازادی ئەم ناوچەیەدا“.

هاوکات جەختی لە دەستگیرکردنی چەند قوتابییەکی زانکۆی سلێمانی لەسەر پێشکەشکردنی داوایەک بۆ مۆڵەت وەرگرتن بۆ نمایشکردنی فیلمەکە و دەستگیرکردنی چەند گەنجێک لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێبی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلایەن یەکێتییەوە کردووەتەوە.

تارا حوسێن ئاماژەشی بەوە داوە: ”ماوەیەکە ئاسایشی گەرمیانی یەکێتی ھەموو ئەرکێکی پێکھاتووە لەوەی ھەڤاڵانمان بچنە ھەر ماڵێک، دوابەدوای ئێمە دەچنە سەر ئەو ماڵانە و تەھدیدیان دەکەن، بەجۆرێک ماڵ ھەیە تەنھا پیرەژنێکی تێدا ژیاوە، (دایکی شەھیدێک) بە نموونە“.

هەڕەشەی ئەوەشی لە یەکێتی کردووە کە لەم ڕەفتارانەدا خۆی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و خەریکە بە دەستی خۆی ماڵی خۆی دەشێوێنێت و دۆخی خۆی بەرەو ئاقاری مەرگەساتی زیاتر دەبات“، بۆیە داوای لێ کردووە لەو هەڵسوکەوتە پاشەکشە بکات و نەیشاردووەتەوە کە ”لە ئەنقەرە و ئیستەنبۆڵیش ئەم جۆرە چالاکییانە قەدەغە ناکرێن“. بە پێویستیشی زانیوە یەکێتی ”لەوە زیاتر خۆی ناشرین نەکات“.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.