Erbil 22°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 15:32

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە هەولێر
کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ پێشوازی لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەروەها پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی دوولایەنە لە پێناو رێگری لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆی لە سەر کرا.

لە دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی هەماهەنگیی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای لە جەنگی دژ بە تیرۆر بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و کاریگەر پێناسە کرد.

لە ئاماژەیەکدا بۆ یادداشتی لێک تێگەیشتنی پێشووتری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە داعشدا، مەسرور بارزانی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ یادداشتنامەیەکی دیکەی تایبەت بە قۆناغی دوای داعش لە نێوان هەردوولا لە ئاراستەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و عێراق، خستەڕوو، کە بواری هاوکاریی تەکنیکی و چاکسازیی ئابوری و ئاسایش لەخۆ بگرێت.

هەروەها تیشکی خستە سەر قۆناغی نوێی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپاتیکردەوە، دەستوور تاکە بنەمای چارەسەریی ریشەیی کێشەکانە.

لە بارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستانەوە، مەسرور بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئاواتی خواست کە بە چارەسەرییەکی ئاشتیانە، هەموو مەترسی و ئەگەرەکانی شەڕ و وێرانکاری بڕەوێنرێنەوە.

لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە فراوانکردن و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دووپات کردەوە.

پۆمپیۆ رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە کاریگەر پێناسە کرد و نیازی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگیی دوولایەنە لە پێناو رێگری لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم لە دەڤەرەکەدا دووپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی بە پێشڤەچوونەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر زەمینەیەکی لەبار بۆ قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و پێشڤەچوونێکی سەرانسەری بڕەخسێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیيەکان و هاوکاری و پشتيوانى زیاتری هەرێم دەربڕی. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.