سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیى لە گرووپى ئاشتیى ئافرەتانى سەركردە كرد و لە دیدارەکەدا فازڵ میرانی ڕایگەیاند، ئێمەى پارتى هاوسۆزیى خۆمان بۆ داواکارییەکانی گرووپەکە دەردەبڕین و پاڵپشتیى تەواوى ئافرەتانین بۆ بەشداریى كارایان لە هەموو بوارەكاندا.
ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسى، پێشوازیى لە گرووپى ئاشتیى ئافرەتانى سەركردە كرد كە هاتبوون پرۆژەیەكى تایبەت بە كارنامەى ئافرەتان بۆ بەشدارى لە كابینەى تازەى حكوومەتى هەرێمى كوردستاندا پێشكەش بە سەركردایەتیى پارتى بكەن.
لە دیدارەكەدا كە هەریەكە لە مەحموود محەمەد و ڕێبوار یەڵدا و جەعفەر ئیبراهیم، ئەندامانى مەكتەبى سیاسى و ڕمزى شعبان، ئەندامى یەدەكى مەكتەبى سیاسى و د. ڤیان سلیمان، سكرتێرى یەكێتیى ئافرەتانى كوردستان ئامادەى بوون، وێڕاى بەخێرهێنانى گرووپى ئاشتیى ئافرەتانى سەركردە، فازڵ میرانى خۆشحاڵیى خۆى دەبڕى بۆ ئەم دیدارە و بە گرنگ وەسفى كرد.
سكرتێرى مەكتەبى سیاسى تیشكى خستە سەر بارودۆخى ئێستاى هەرێمى كوردستان و گرنگیى پاراستنى سەقامگیرى و ئاشتەوایى و دەستكەوتەكان و گوتى: پارتى سینگكراوەیە بۆ هەر هەوڵ و كۆششێك لە پێناو پاراستنى ئاشتەوایى و ڕێكخستنى ناوماڵى كورد و هەرچیى زووتر دەبێ حكوومەتى نویى هەرێمى كوردستان پێك بهێنرێت و ئێمەى پارتى هاوسۆزیى خۆمان بۆ ئەم داواكارییانە دەردەبڕین و پاڵپشتى تەواوى ئافرەتانین بۆ بەشداریى كارایان لە هەموو بوارەكاندا.
هەروەها میرانى ئاماژەى بەوە كرد: پارتى لە ساڵى 1952ەوە گرنگیى زۆرى بە ڕێكخراوەكان داوە، بە تایبەت ئافرەتان و پاڵپشتى ڕۆڵیان بووە تا ئێستا و ڕۆڵى ئافرەتى كوردى لە دێرزەمانەوە هاوشانى پیاوان لە هەموو بوارەكاندا بەرز نرخاند كە لە بزاڤى ڕزگارى و ئازادىخوازیى كوردستاندا قوربانیى زۆری داوە و هەزار سەركردەى گەورەى پێ گەیاندووە و شەونخونى و خۆڕاگریى كردووە لە پێناو ژیانى خانەوادەكەیدا.''
گرووپى ئاشتیى ئافرەتانى سەركردەش سوپاسى مەكتەبى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستانى بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارە و پاڵپشتیى تەواویان بۆ پاكێجەكەیان كرد و پوختەیەك لە كار و چالاكییەكانى خۆیان پێشكەش كرد كە پاكێجێكى گشتگیریان هەیە بۆ پاڵپشتیى ئافرەت و مافەكانیان و بەشدارییان لە حكوومەتى داهاتووى كوردستاندا لە پێناو بەهێزكردنى چەمكى دیموكراسی لە كۆمەڵگاى ئێمەدا تاكو ڕۆڵى گەشترى شارستانیمان پێشان بدات و بەشدارىكردنى كاراى ئافرەتان لە گشت ئاستەكان و بەرپرسیارەتى و سوودوەرگرتنى زیاتر لە تواناكانیان بێت.
لە كۆتاییدا گرووپى ئاشتیى ئافرەتانى سەركردە لە داهاتوودا سەردانى پارت و لایەنەكانى ترى پەیوەندیدار دەكەن بۆ هەمان مەبەست و، جێى ئاماژەیە گرووپى ئاشتیى ئافرەتانى سەركردە لە زۆربەى لایەنە سیاسى و نەتەوەیى و ئایینییەکان پێك هاتوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.