ڕۆژی 6/1/1921 یەکەم فەوجی سوپای عێراق بە ناوی فەوجی مووسا کازم لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا دامەزرا و لەو ڕۆژەوە ساڵانە ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق دەکرێتە پشووی فەرمی، بەڵام ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵیش ڕەتی کردەوە ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق بکرێتە پشووی فەرمی و چاودێرانیش پێیان وایە دامەزراندنی سوپای عێراق پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە.
بە درێژاییی مێژوو گەلانی عێراق لەسەر دەستی سوپاکەی تووشی نەھامەتی گەورە بوونە و چەندین کارەسات کە لە مێژوودا کەموێنە بوونە لە لایەن سوپای عێراقەوە بەرامبەر بە گەلانی عێراق ئەنجام دراون، ھەر ئەوەش، ھۆکارە کە زۆرینەی ھاووڵاتیانی عێراق کاتێک ناوی سوپا دێت ترسی سەدساڵەی ڕابردوویان دێتەوە بەرچاو.
موئەید تەییب، چاودێری سیاسی، پێی وایە دامەزراندنی سوپای عێراق ھیچ پەیوەندیەکی بە کورد و ھەرێمی کوردستانەوە نییە و دەڵێت: "کاتێک سوپای عێراق دامەزراندرا مەبەست لێی تەنیا ئەوە بوو کە شەڕی عێراقییەکان بکات، لەبەر ئەوە لە ڕۆژی دامەزاندنییەوە لەشکری عێراق مەبەستی نەبوو، خەڵک و سنوورەکانی عێراق بپارێزێت و لەشکرێکی نیشتمانی نەبووە کە گوزارشت لە ھەموو پێکھاتەکانی نێو عێراق بکات."
تەییب گوتیشی: "ھەتا مەلیک فەیسەڵی یەکەم لە نامەیەکیدا دەڵێت "من پێویستیم بە دوو سوپا ھەیە، یەکێک لە باکوور و ئەوی دیکەش لە باشوور"، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتێکی سوننەی عەرەبی بووە.
ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو، سبەی ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق بکاتە پشووی فەرمی و لە سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەوام ئاساییە. ئەو چاودێرە سیاسییە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دەستخۆش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقی نەکردە پشووی فەرمی، لەبەر ئەوەی سوپای عێراق ھەموو کات دارێک بووە بە دەست ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە بۆ ئەوەی کوردی پێ بچەوسێننەوە، ھیچ شتێک شک نابەین کە سوپای عێراق شانازییەکی نیشتمانی ھەبێت تا بۆنەی دامەزراندنی بکەینە پشوو و ئاھەنگ بگێڕین.
جگە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و ڕژێمەکانی پێشتر، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش کورد بێبەش کراوە لە ڕیزەکانی سوپای عێراق و جارێک لە ساڵی 2012 و جارێکیش لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا سوپای عێراق ھێرشی کردووەتە سەر ھەرێمی کوردستان.
موئەید تەییب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خەڵکی عێراق بە گشتی بەدەست سوپای عێراقەوە ئازاری چەشتووە و ھیچ سەروەرییەکی تۆمار نەکردووە، ئەو سوپایە تا ئێمەی کورد و بگرە عەرەبیش شانازی پێوە بکەین، حەقە ئەو ڕۆژە لاببرێت و نەک لە ھەرێمی کوردستان، لە عێراقیش نەکرێتە پشووی فەرمی."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.