Erbil 15°C چوارشەممە 22 ئایار 03:54

به‌ڤیدیۆ ... منداڵه‌که‌ى کوشتووه‌ و خستوتیه‌ ناو سندوقى ئۆتۆمبێل ، پۆلیسش ده‌قى دانپێدانانی تۆمەتبارەکە بڵاودەکاتەوە

له‌راگه‌یاندراوی پۆلیس
کوردستان TV
100%

به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى له‌هه‌ژماری تایبه‌تى خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یس بووك ڕایده‌گه‌ێنێت ، هێزەكانی پۆلیس ئەنجامدەری تاوانی كوشتنی منداڵێك ئاشكرا دەكەن و ده‌قی دانپێدانانی تۆمەتبارەكەش بڵاودەكه‌نه‌وه‌ 


 پۆلیسى سلێمانى رایده‌گه‌ێنێت ، پاش ئەوەی رۆژی 2018/3/29، منداڵێكی تەمەن سێ ساڵ بەناوی (مستەفا) بەرەگەز كوردی رۆژئاوای كوردستان لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لەكەمپی باریكە دیارنەما، هەر ئەو كات‌و پاش بێ هیوا بون لەدۆزینەوەی منداڵەكەیان، دایك‌و باوكی مستەفا لەبنكەی پۆلیسی عەربەت سكاَلای یاساییان تۆماركرد.

پۆلیس راشیده‌گه‌ێنێت ، پاش گەڕان بەدوای چارەنوسی منداَلەكە، رۆژی 2018/4/1، لاشەی مستەفا بەمردویی دۆزرایەوە لەسەر رێگای عەربەت- زەڕایەن ، دواتر هێزەكانی پۆلیس دەستیانكرد بەلێكۆڵینەوەو لەرێكەوتی 2018/8/9 تۆمەتبارێك بەناوی (م، ك، ح) بەگومانی ئەنجامدانی تاوانەكە دەستگیركرا، بەڵام لەلێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتبار نكۆڵی لەتاوانەكەی كردو بێ ئاگایی خۆی لەروداوەكە نیشاندا.

پۆلیسى سلێمانى راشیگه‌یاندووه‌ ، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی عەربەت بەردەوام بون لەلێكۆڵینەوەو كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر روداوەكە، پاش پشكنینی ئوتومبێلی تۆمەتبار هەندێك بەڵگەی لەسەر كۆكرایەوە، وەك خوێن‌و موی قژ، هەروەها بەجل‌و بەرگی منداڵەكەو لەناو ئوتومبێلی تۆمەتباردا هەندێك وردە تەبەدۆر دۆزرایەوە ئەوەش وایكرد كە سەرەداوەكانی روداوەكە ئاشكرا ببن، بۆیە دواجار تۆمەتبار لەرێكەوتی 2019/1/2 دانی نا بەتاوانەكەیدا كە لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا منداڵەكەی شێلاوەو دوایی خستویەتییە ناو سندوقی ئوتومبێلەكەیەوەو بەرەو ناحیەی زەرایەن بردویەتی، پاشان كە زانیویەتی منداڵەكە مردووە هێناویەتییەوە بۆ كەمپەكە بەو نیازەی لەبەردەم ماڵی منداڵەكەدا فرێی بدات، بەڵام بەهۆی بونی خەڵكەوە لەنزیك ماڵی منداڵەكە، نەیتوانوە ئەو كارە بكات، بۆیە دوبارە تەرمەكەی بردۆتەوە بۆ دەرەوەی كەمپەكەو لەسەر شەقامی گشتی بەجێیهێشتووە، بۆ فریودانیش تۆمەتبار دوای ئەم كارەی لەگەڵ كەس و كاری منداڵەكەدا گەڕاوە بۆ دۆزینەوەی منداڵەكە.

پۆلیس له‌كۆتادا رایده‌گه‌ێنێت ، لێرەدا گرنگە ئەرك‌و وریایی هێزەكانی پۆلیس بەرز بنرخێنرێت بۆ دۆزینەوەو ئاشكراكردنی تۆمەتباران‌و راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا.


شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.