Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 10:00

وەزارەتی پێشمەرگە: کار دەکه‌ین تاکو ھێزی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروست بکرێتەوە

بڕیارە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سەردانی ھەرێم بکات
کوردستان TV
100%

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ینێت" کار دەکرێت بۆ ئەوەی دووبارە ھێزی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروست بکرێتەوە و بڕیارە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سەردانی ھەرێم بکات، بەڵام نەبوونی یەکڕاییی ھێزەکانی عێراق بەربەستێکە لە بەردەم دروستکردنی ئەو ھەماھەنگییەی پێشتر لە ناوچە کوردستانییەکاندا ھەبووە.

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ كاروبارى ئۆپەراسیۆنەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند" ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، جارێکی دیکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ھاوبەشی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کار بکەین و ھێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چونکە پێش شەڕی داعش پێکەوە کارمان کردووە و ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و ھێزی ھاوبەش و بازگەی ھاوبەش ھەبووە و لە مووسڵ تا دەگاتە خانەقین 23 بازگەی ھاوبەش ھەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە، بەڵام پێویستە بە میکانیزمێکی نوێ ئەو ھێزە ھاوبەشانە دروست بکرێنەوە."

ناوبراو گوتیشی" ھەوڵ دەدرێت ئەو ڕێککەوتنەی پێشوو ھەبووە بە میکانیزمێکی نوێ زیندوو بکرێتەوە و بڕیار بوو حەفتەی ڕابردوو شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی ھەرێم بکات، بەڵام بە ھۆی کەشوھەواوە سەردانەکە دوا خرا و ڕەنگە دواتر سەردانەکە ئەنجام بدرێت."

باسی لەوەش کرد" ئەوەی کێشەیە بۆ ئێمە کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکەین، ئەوەیە کە ھەموو ھێزەکانی عێراق یەک ڕایان نییە، چونکە پۆلیس و حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق ھەیە، ھەریەکەیان ڕای خۆی ھەیە و ھەندێک لەو ھێزانەش ڕای جیاوازیان دەربارەی دروستکردنەوەی ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە ھەیە. 

وتیشى" كاتێك فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیارێک دەردەکات، حەشدی شەعبی جێبەجێی ناکات، بۆیە دروستکردنەوەی ئەو ھێزە ھاوبەشانە ئاسان نییە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.