Erbil 15°C پێنجشەممە 09 ئایار 04:59

نێچیرڤان بارزانى جه‌ژنى سه‌رى ساڵ پیرۆز ده‌کات

ھیوادارم كوردستان و جیهان به‌گشتى ئـەم جەژنە لە خۆشی و بەختەوەریدا بکەنەوە
کوردستان TV
#7
100%


له‌ په‌یامێكى پیرۆزباییدا به‌بۆنه‌ى هاتنى ساڵى نوێوه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پیرۆزبایى له‌ ته‌واوى پێكهاته‌كانى كوردستان كرد و هیواى جه‌ژنێكى خۆش و به‌خته‌وه‌رى بۆ خواستن، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

بە بۆنەی ھاتنی ساڵی تازەوە گەرمترین سڵاو و پیرۆزبایی لە ھەموو لایەک دەکەم. ھیوادارم ساڵی نوێ ھەڵگری ھەموو خێر و خۆشییەک بێت و گەلی کوردستان لە ساڵی تازەدا بەسەر کۆسپ و تەگەره‌كاندا زاڵ ببێ و ئـامانجه‌كانى بەدی بهێنێت. گەلی کوردستان لە ڕابردوودا زۆر مه‌ینه‌تى بینیوه‌ و بێ ئـەژماریش قوربانی داوه‌ بۆ دابینکردنی داھاتووێکی گەشتر و ژیان بە شێوەیەکی ئـاشتییانە و سەردەمییانە.

ھەموو دەسکەوت و سەرکەوتنه‌كانى ساڵانى ڕابردوو، بۆ گەلی کوردستان خۆی دەگەڕێنەوە، لەبەرئـەوەی گەل دایکی ھەموو داھێنان و سەرکەوتنێکە. بێگومان کەموکورتیش هه‌ن، ئـەمەش ھەر بەشێک بووە لە کاروانی پێشکەوتن. کەموکورتی كاتێك دەردەکەون کە ژیان بەرەوپێش دەڕوات، لە ژیانی وەستاو و نەگۆڕدا کەموکورتی ڕوونادەن.

گەلی کوردستان لە ساڵی 2018دا ڕاستییەکی زۆر گرنگی بۆ دەرەوە و ناوەوە ڕوون کردەوە، ئـەویش ئـەوەبوو کە پشتی ھێزە ڕاستەقینەکانی خۆی لە دوو ھەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستان بەرنەدا و دووپاتی کردەوە کەوا گەل و حکوومەت لە ھەرێمی کوردستان یەک بەرەی بەھێز و یەکگرتوون، ئـەمەش دووبارە خەیاڵی خاوی ناحەزانی پووچ و بەتاڵ کردەوە.

گەلی کوردستان ئـەمڕۆ نموونەیەکی بەھێز و زیندووى ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسته‌. ئـێمە ناوچەیەکین کە ھیچ جۆرە داپڵۆسینێكى سیاسی، نەتەوەیی، ئـایینی یان مەزھەبیمان تێدا نییه‌. گەلی کوردستان ئـەگەرچی بە زۆرینە موسڵمانی سوننه‌یه‌، بەڵام شیعە، کریستیان، ئـێزیدی، ئـەھلی حەق و زه‌رده‌شتى ئـەوپەڕی یەکسانییان لەگەڵ یەکدا ھەیە.

پیرۆزبایی ساڵی تازە لە هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى كوردستان له‌ موسڵمانی سوننە و شیعە، كریستیان، ئـێزیدی، کاکەیی، شەبەک، زه‌رده‌شتى، له‌ كورد، ئاشوورى، سریان، كلدان، تورکمان، ئـەرمەن، عه‌ره‌ب و ھەموو ئـەوانەش دەکەین کە لە عێراق و سووریاوە په‌نایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، یان ئـەوانەی بە ھەر ھۆیەکەوە بێت لێرە دەژین و جەژنی سەری ساڵ لەگەڵ ئـێمەدا دەکەنەوە. ھەرێمی کوردستان، بێ جیاوازی ماڵی ھەمووانە.

سڵاو لە خۆڕاگریی لاوان و قوتابیان و ئـافرەتان کە چاوەڕێی ھەڵاتنی ڕۆژێکی گەشتر و ژیانێکی باشترن. جەژنە پیرۆزەی تایبەتیم بۆ منداڵانی کوردستان. سڵاو لە برایانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئـاسایش و پۆلیس کە پارێزەری ژیانی ئـێمەن. سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئـەوانەی خوێن و تەمەنی خۆیان پێشكه‌ش به‌ نیشتمان کرد. سڵاو لە ماڵ و منداڵی شەھیدان و دایک و باوکیان. ساڵی نوێیان پیرۆز بێت و پێشکەوتنی کوردستان چاو و دڵیان ڕوون بکاتەوە.

ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و ڕێز و پێزانین بۆ كوردستانییان و به‌تایبه‌تى بۆ مووچه‌خۆران دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ساڵانى ڕابردوو به‌رگه‌ى زۆر قه‌یران و بێمووچه‌ییان گرت و تێگه‌یشتینیان بۆ دۆخى سه‌خت و هه‌ستیارى كوردستان هه‌بوو. دڵنیاین كاته‌ سه‌خته‌كان تێپه‌ڕێن و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش، ئارامى، پێشكه‌وتن و بووژانه‌وه‌ چاوه‌ڕێى خه‌ڵكى كوردستانه‌.

ھیوادارم كوردستان و جیهان به‌گشتى ئـەم جەژنە لە خۆشی و بەختەوەریدا بکەنەوە.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
31/12/2018

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.