بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە سەرجەم گەلی کوردستان و گەلانی جیهان، بەتایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا گەلی کوردستان بە خۆراگریی و لەخۆبوردووییەوە قەیرانی سەخت و گەورەی تێپەڕاند و لەو بڕوایەدام کە بە پاڵپشتیی ئەم گەلە مەزنە بەرەو داهاتووەکی پرشنگدار و پڕ بەختەوەری و دەسکەوتی زیاتر هەنگاو دەنێین. گەلەکەمان ویست و خواستی خۆی لە دوا هەڵبژاردنەکانی هەرێم نمایش کرد، بۆیە داواکارم کە هەموو لایەک بە رێزگرتن لە دەنگ و ویستی خەلک، پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن، تاکو هەرچی زووتر خزمەتێکی شایستەتری هاوڵاتیانی خۆشەویستمان بکرێت.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لە سەر بنەماکانی یەکسانی و ئاشتی و پێکەوە ژیان لە دەڤەرەکەدا دەکەینەوە و ئاواتەخوازین کۆتایی بە گشت ئەو نەهامەتیانە بهێنرێت کە، سالانێکە بەرۆکی گەلانی ناوچەکەی گرتووە. دەستی هاوکاری و ئاشتی بۆ هەموو لایەک لە سەر بنەمای دادپەروەی و رێزگرتنی دوولایەنە درێژ دەکەینەوە و بە تایبەت لە عێراقدا خوازیارین بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و بە ڕەچاوکردنی دەستوور، گشت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و ئیتر لەمەولا، سەرمایە و سامان و تواناکانی ئەم وڵاتە بۆ خزمەتی خەلک و پێشکەوتنی وڵات بەکار بخرێت.
لەم کاتوساتەدا دۆخی رۆژئاوای کوردستان نیگەرانی کردووین. خەریکە گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان بەرەوە چارەنووسێکی نادیار پەلکێش بکردرێت. هیوادارین هەرچی زووتر بە گرتنەبەری هەنگاوی لۆجیکی و بە دانوستان و رێگەچارەی ئاشتیانە ئەم مەترسیانە بڕەوێنرێتەوە.
بە هیوای ساڵێکی پڕ بەرهەم و دەسکەوت و ئاسوودەیی و بەختەوری بۆ هەموو لایەک.
مەسرور بارزانی
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٣١/١٢/٢٠١٨
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.