Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 03:27

جیھان.. له‌ ساڵی 2018 دا 94 رۆژنامەنووس کوژراون

یەکێتیی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی ژمارەی کوژراوانی رۆژنامەوانان لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاوکردەوە
کوردستان TV
100%

یەکێتیی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا، ژمارەی کوژراوانی رۆژنامەوانان لە میانی ساڵی ٢٠١٨دا لە سەرانسەری جیھان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ٩٤ رۆژنامەوانان لە کاتی بەجێگەیاندنی کارەکانیان و لە ئەنجامی کردەی توندوتیژی لە میانی ئەمساڵدا لە سەرانسەری جیھان، کوژراون.

یەکێتیی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە بڕۆکسل-ە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەیەک لەو رۆژنامەوانە بە ئەنقەست یان بە ھۆی تەقینەوە و تەقەکردن لە کاتی رۆماڵکردنی رووداوەکان لە میانی ئەمساڵدا، کوژراون.

لە راپۆرتەکەدا، ئەفغانستان بە مەترسیدارترین وڵات بۆ رۆژنامەوانان ھەژمارکراوە بەو پێیەی ١٦ رۆژنامەوان لە میانی ئەمساڵدا لەو وڵاتە کوژراون دوای ئەویش مەکسیک ھاتووە کە ١١ رۆژنامەوان لە میانی ئەمساڵدا لەو وڵاتە کوژراون.

ھاوکات بەپێی راپۆرتەکە لە سووریا کە بە سێیەم مەترسیدارترین وڵات بۆ رۆژنامەوانان ھەژمارکراوە، ھەشت رۆژنامەوان لە میانی ئەمساڵدا لەو وڵاتە کوژراون دوای ئەویش ئاماژە بە ھیندستان وەک چوارەم مەترسیداترین وڵات بۆ رۆژنامەوانان ھەژمارکراوە کە حەوت رۆژنامەوان لە میانی ئەمساڵدا لە وڵاتە کوژراون.

دوای ھیندستانیش، ھەریەک لە پاکستان، سۆماڵ و ئەمریکا دێن کە لە میانی ئەمساڵدا، پێنج رۆژنامەوان لە ھەریەک لەو وڵاتانە کوژراون.

ھەر لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر کوژرانی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقجی لە کۆنسولخانەی سعوودیە لە شاری ئیستانبوڵ لە دووی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، هەروەها بە نموونەیەک ھەژمارکراوە کە گیانی رۆژنامەوانان بەردەوام لە مەترسیدایە.

لای خۆیەوە سەرۆکی یەکێتیی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی، فیلیپ لوورت رایگەیاندوو کە لە کردە توندوتیژییەکان بە تەواوی پاراستنی گیانی رۆژنامەوانان پشتگوێ خراوە.

فیلیپ لوورت داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رەشنووسە پەسەند بکات کە یەکێتیی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تایبەت بە ئاسایش و پاراستنی گیانی رۆژنامەوانان پێشکەشی کردووە.

ناوبراو گوتیشی: "ئەو رەشنووسەکە دەبێتە وڵامێکی توند بۆ ئەو تاوانانەی کە دەرھەق بە رۆژنامەوانان ئەنجامدراون".

سه‌رچاوه‌ - AA
شوان عه‌زیز

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.