ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە ھەندێ میدیای سەر بە رژێمی سووریاوە لە میانەی لیستێکی دوور و درێژی ئەو کەسانەی ھاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییان کردووە و بە پاڵپشتیی تیرۆر ناوزەدکراون، ئاماژە بە ناوی بەڕێز مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دراوە".
دەشڵێت "مایەی گاڵتەجارییە کە رژێمێکی شۆڤێنی و سەرکوتکار و دژە کورد کە بۆ مانەوەی خۆی پاڵپشتیی تیرۆریستانی کرد تاوەکو وەکو بەدیلێکی باشتر لە تووندڕۆکان خۆی بنوێنێت باسی تیرۆر بکات".
دەقی روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان:-
لە ھەندێ میدیای سەر بە رژێمی سووریاوە لە میانەی لیستێکی دوور و درێژی ئەو کەسانەی ھاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییان کردووە و بە پاڵپشتیی تیرۆر ناوزەدکراون، ئاماژە بە ناوی بەڕێز مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دراوە.
مایەی گاڵتەجارییە کە رژێمێکی شۆڤێنی و سەرکوتکار و دژە کورد کە بۆ مانەوەی خۆی پاڵپشتیی تیرۆریستانی کرد تاوەکو وەکو بەدیلێکی باشتر لە تووندڕۆکان خۆی بنوێنێت باسی تیرۆر بکات.
رژێمێک چەکی قەدەغەکراوی دژ بە خەڵکی سیڤیل بەکارھێنرابێت و بە سەدان ھەزار ھاووڵاتیی سووریای خەڵتانی خوێنکردبێت و بە ملیۆنانی دیکەی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەرکردبێت، دەبێت چ ئیعتبارێکی ھەبێت تا بانگەشەی دروستکردنی لیستێکی وا بکات؟!.
ئەوەی زیاتریش مایەی پێکەنینە ئەوەیە کە ھەندێ ھەرزەکاری سیاسی و گەندەڵکار و خائین بەو ھەواڵە شاگەشکە دەبن و دەھۆڵی بۆ لێدەدەن.
ئەوەی کە رژێمی سووریای ھەراسان و تووڕەکردووە پاڵپشتیی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بووە لە ھێزە رەسەنەکانی رۆژئاوای کوردستان.
شانازییە بۆ مرۆڤ کە تۆمەتبار بکرێت بە پاڵپشتیی خەڵکی ستەملێکراو و مافخوراو و جێگەی سەربەرزیشە کە لە ناوخۆی وڵات لە بەرەی دژ بە گەندەڵان و خۆفرۆشان وڵاتفرۆشان ھەژمار بکرێی.
دامودەزگاکانی ژێر سەرپەرشتیی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش وەک هاوبەشێکی کارای ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر، بەردەوام گورزی کوشندەیان لە تیرۆریستان داوە و لە دوا ئۆپەراسیۆنی تایبەتیشدا کە لە میدیا جیھانییەکاندا دەنگی دایەوە، گەورەترین باندی پاڵپشتیی دارایی تیرۆریستان و شووشتنەوەی پارە پووچەڵکرایەوە و ئەو باندەش زۆر کەس و لایەنی تێوەگڵابوون.
ھۆکاری داخڵەدڵی و کینەی خائین و وڵاتفرۆشان و دز و گەندەڵانی ناوخۆش لە بەرامبەر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەمیشە بەڕێزیان دژ بە سیخووری و داگیرکاری و تیرۆر و خیانەت و گەنەدەڵییەکانیان وەستاونەتەوە و ھەمیشەش لەو رەوتە بەردەوام دەبن و لە ریزی پێشەوەی بەرەی دژ بە تیرۆر دەمێننەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٣٠/١٢/٢٠١٨
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.