Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 12:37

سەبارەت بە سەردانیکردنی نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان راگه‌یاندراوێک بڵاوکرایه‌وه‌

10 خاڵ راگه‌یاندرا
کوردستان TV
100%


 پزیشك هێرش قادر دەربەندی له‌نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى ڕۆژهه‌ڵاتى هه‌ولێر له‌هه‌ژماری تایبه‌تی نه‌خۆشخانه‌كه‌دا 10 ڕێنمایی پێویست سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانیكردنى نه‌خۆشخانه‌ فریاكه‌وتنه‌كان راگه‌یاند ، كه‌تێیدا ناوبراو ڕایده‌گه‌ێنێت ،    کەم تا زۆر هەر هاوڵاتیەک بە هۆی تێکچونی باری تەندروستیەوە پێویستی بە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان دەبێت، لەم ڕێنماییانەی خوارەوە باس لەوە دەکەین چۆن بتوانین بە ئاسانی سود لە فریاکەوتنەکان وەربگرین:

۱. نەخۆشخانەی فریاکەوتن، هەر وەک لە ناوەکەیدا دیارە بۆ بارە لە ناکاوەکانە، کە نەخۆش پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەبێت، نەک بۆ باری سادە سەردانی فریاکەوتن بکەیت کە بارەکە لە ناکاو نەبێت، بۆ بارودۆخی سادە ڕێگای ڕاست ئەوەیە سەردانی بنکەی تەندروستی بکرێت، فریاکەوتن ۲٤ کاتژمێر کراوەیە بۆ بارە لە ناکاوەکان، بە درێژایی ڕۆژەکانی ساڵ، بە پشو و جەژن و بۆنەکانیشەوە.

۲. بۆ بارە لە ناکاوەکەت، زانیاریت هەبێت کە پێویستە سەردانی کام فریاکەوتن بکەیت، چونکە لە سەنتەری شارە گەورەکان فریاکەوتنەکان پۆلێن کراون بە پێی جۆری نەخۆشیەکان، نەک بە هەڵە سەردانی فریاکەوتنێک بکەیت کە چارەسەری نەخۆشیەکەی تۆی لێنەکرێت.

۳. لە فریاکەوتنەکان، تیمی پرسگە کاردەکەن بۆ دابینکردنی هێمنی و ئارامی لە نەخۆشخانە، بۆیە ڕێز لێگرتنیان کارێکی پێویستە.
٤. لە زۆربەی فریاکەوتنەکان بەشی ڕاوێژکاری هەیە کە پزیشکی دێرین یان پسپۆڕ نەخۆش دەبینێت، بۆ نەخۆش وا گونجاوتر و بەسودترە سەرەتا بچێتە بەشی ڕاوێژکاری.

٥. کە چویە فریاکەوتنەکان ئەرکی کەسەکان بزانە، پزیشک(دکتۆر) بەرپرسە لە بینینی نەخۆش و دەستنیشانکردنی نەخۆشی و نوسینی چارەسەر، دەستەواژەی دکتۆر! بە کار دێت بۆ پزیشکی ڕەگەزی نێر، دەستەواژی دکتۆرە! بەکار دێت بۆ پزیشکی ڕەگەزی مێ, پەرستار و کارمەندانی تەندروستیش یارمەتی پزیشک دەدەن لەپڕۆسەی چارەسەرکرنی نەخۆش وەکو( دانانی کانیۆلا، پێدانی موغەزی، تداوی، دەرزی لێدان، خوێن وەرگرتن، گرتنی تیشک، پشکنینی تاقیگەیی. هتد)، کارمەندانی کارگێڕیش بەرپرسن لە ڕێکخستنی کاری ئیداری نەخۆشخانە.

٦. کە پزیشک دەرمانت بۆ دەنوسێ، دەرمان لە دەرمانخانە وەردەگیرێت، کە بەشێک لە دەرمانەکان نەبوو تاوانی پزیشک و کارمەندی تەندروستی نیە، ناکرێ بچیەوە گلەیی لەوان بکەیت سەبارەت بە نەبونی دەرمان، کە دەرمانەکەت هێنا بۆ وەرگرتنی دەرمانەکە داوای هاوکاری لە کارمەندی تەندروستی بکە، بۆ نمونە بۆ ئەوەی دەرزیەکەت لێبدرت.

۷. بۆ ئەوەی ئاسان کارەکانت بکەی و بە شەکانی فریاکەوتن بزانی، بە وردی سەرنج بدە هێڵی ئاڕاستەکردن هەیە بۆ نمونە بۆ بەشی تیشک، تاقیگە، دەرمانخانە.

۸. لە فریاکەوتن ئارامی بپارێزە، تا زیاتر ئارامی بپارێزی و ڕێز لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشانەکە بگریت، ئەوا نەخۆشەکەت زیاتر خزمەت دەکرێ، ڕاستە لە فریاکەوتن نەخۆش زۆر زۆرە، لە هەمان کات ڕێژەی پزیشک کەمە بۆیە پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەیت کە چاوەڕوانی بکەیت تاکو چارەسەری پێویستت دەکرێت، بە تایبەت کاتێک نەخۆشێک بارودۆخی زۆر لە ناکاو بێت، دەبێت ڕێبدەیت چارەسەری بۆ بارە زۆر لە ناکاوەکە بکرێت لە پێش تۆ.

۹. پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کەس و کاری تۆن، هەست بە ماندووبونیان بکە، دەست خۆشیەک هەستی ماندووبونیان کەم دەکاتەوە و هانیان دەدات بۆ کاری باشتر، گەر پزیشکێک یان کارمەندێکی تەندروستیت بینی ماندوە ئەوە بزانە بە هۆی زۆری ژمارەی نەخۆشەوە هیلاک بووە. فریاکەوتن هەیە ڕۆژانە زیاتر لە ۱۰۰۰ نەخۆش سەردانی دەکرێت.

۱۰. گەر هەر کاتێک زانیت پزیشکێک، یان کارمەندێکی تەندروستی بە خۆویستانە و بە بێ هۆکار کارەکەت بۆ ناکات و کەمتەرخەمە و یارمەتیت نادات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەت، ئەوا هێمن بەو کێشەکە گەورە مەکە، ڕاستەوخۆ سەردانی ئێشکگری کارگێری نەخۆشخانە بکەو سکاڵای خۆت بگەیەنە تاکو ڕاستەوخۆ بەدواداچون بکرێت و کەسی کەمتەرخەم ئاگادار بکرێتەوە، تاکو بەشدار بیت لە چاککردنی کێشەکە، نەک ئەوەی شتێکی بچوک گەورە بکەیت.


شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.