ن/ ئاری ئاغۆك
هه‌ر وانه‌یه‌ك له قوتابخانه گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه، چونكه قوتابخانه وه‌ك باخچه‌یه‌ك وایه هه‌ر وانه‌و بابه‌تێك، به‌پێ ی قۆناغ و ته‌مه‌ن، سوود به ئاستی بیركردنه‌وه و فێربوون و تێگه‌یشتنی قوتابی ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه ده‌بێت هه‌میشه به گرنگیه‌وه له هه‌موو وانه‌كان بڕوانین، یه‌كێك له‌و بابه‌ت و وانه گرنگانه‌ی له سه‌ره‌تای هاتنی قوتابی بۆ قوتابحانه، ئاشنای ده‌بێت و فێری پیت و وشه‌و ڕسته و ئامانجه گشتیه‌كه‌ی ده‌بێت، بریتیه له وانه‌ی كوردی .
بێگومان وانه‌ی كوردی له پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ره‌تیه‌وه تاوه‌كو دواین قۆناغ و زانكۆ هه‌میشه وه‌ك بابه‌تێكی گرنگ له ته‌ك وانه‌كانی تر ده‌خوێنرێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته له‌م وتاره په‌روه‌رده‌ییه ئاماژه‌ی پێ بكه‌م بریتیه له نووسینی (داڕشتن له قۆناغه‌كانی خوێندن)، ئایا گرنگی و ئامانجی نووسینی دارشتن چی یه بۆ قوتابی؟.
لێره‌دا ده‌توانین بڵێین داڕشتن وه‌ك ئاسۆیه‌كی فراوانی بواری نووسین و ڕۆشنبیری قوتابی پێناس ده‌كرێ، چونكه داڕشتن باشترین ده‌روازه‌یه بۆ خه‌یاڵفراوانی قوتابی، به‌داخه‌وه له‌زۆربه‌ی زۆری قوتابخانه‌كان، له بابه‌تی داڕشتن دا هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌و بایه‌خه ڕۆشنبیری و فراوانبینیهی پێ نادرێت، هه‌م له لای به‌شێك له‌مامۆستایان، هه‌م له‌لایه‌ن قوتابیه‌وه، زۆرجار مامۆستا خۆی دارشتن بۆ قوتابی ده‌نووسێت و پێیان ده‌ڵێت له ماڵه‌وه ئه‌زبه‌ری كه‌ن! به‌داخه‌وه ئه‌م شێوازه رێگایه‌كی خراپه بۆ خودی قوتابی، چونكه قوتابی ناتوانێت، یه‌ك وشه ده‌رباره‌ی ناونیشانی داڕشتنێك بنووسێت! كه مامۆستا بۆینووسیوهتهوهو ئه‌ویش وه‌ك ئه‌ركی ماڵه‌وه جێبه‌جێی ده‌كات، بۆیه ئه‌م شێوازه خراپترین شێوازی ئاشناكردن و فێربوونی قوتابیه به جیهانی نووسین و فێربوون، كه‌واته ده‌ره‌نجام سوودی ئه‌م داڕشتنه چیه؟ ئایا چ جیاوازیه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ وانه‌یه‌كی تر و بابه‌تێكی تر؟
لێره‌دا ره‌نگه كه‌سانێك بپرسن قوتابی نازانێ داڕشتن بنووسێ، گه‌ر خۆیان بیان نووسیبوایه ئه‌ی بۆ ده‌هاتن بۆ قوتابخانه ؟ بۆوه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌ڵێین، ڕاسته قوتابی نازانێ داڕشتن و ناوه‌رۆكی داڕشتن بنووسێ، به‌ڵام ده‌بێت فێربكرێت، نه‌ك فێڵی لێ بكرێت!، بۆیه ده‌بێت مامۆستا هه‌وڵ بدات قوتابی فێری داڕشتن بكات، فێركردنێكی سه‌ره‌تایی و دروستكردنی وێنه‌یه‌ك له‌خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی قوتابی دابێت، گرنگ نیه چۆن ده‌نووسی، گرنگ نیه چه‌ند ده‌نووسی، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگ ئایا چی ده‌نووسی؟ ئه‌مه مه‌به‌ست و ئامانجی گشتی په‌روه‌رده‌و فێركردنه، بزانین ئاخۆ قوتابی چی له خه‌یاڵ دایه؟ زمانی نووسینی چۆنه؟ شێوازی ده‌ربڕین و گه‌یاندنی به ئاراسته‌یه‌كه ؟ هه‌وێن و كه‌ره‌سته‌ی نووسینه‌كانی له‌كوێ خۆی ده‌دۆزێته‌وه؟ ئه‌مانه‌و چه‌ندین خاڵی تر كه له‌گه‌ڵ ئاستی تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌و ته‌مه‌ن و قۆناغی خوێندنی قوتابی بگونجێت، له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین چه‌ندین قوتابی به‌م جۆره به‌رده‌وامی هه‌بوه، به‌پێ ی ئه‌زمونی هه‌میشه‌یی، ئه‌م جۆره قوتابیانه بونه‌ته نووسه‌ر و ئه‌دیب و رۆشنبیرێكی دیاری نێو دونیای ئه‌ده‌ب و نووسین، بۆیه ناكرێ هه‌موو مه‌به‌سته‌كان له‌یه‌ك گۆشهكۆبكهینهوهو قوتابی وه‌ك دهرخكردن داڕشتن وه‌ربگرێت و خۆی نه‌توانێ چه‌ند دێرێكی كورت له ئامانج و په‌یامی ناوه‌رۆكی دارشتن بگات . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا چه‌ند نووسه‌ر و ئهدیبێكمان هه‌یه، توانیویانه به‌و وێستگه گرنگ و ڕۆشنه دابڕۆن و خۆیان دروست بكه‌ن، كه رۆژێ له‌رۆژان له‌و باخچه ره‌نگاو ره‌نگ و فره زانستیه ئاشنای فێربوون و زانست و زانیاری بوینه، خه‌ونی ئه‌وكاتیان ئه‌وه‌بوه، ڕۆژێ له ڕۆژان ببنه ئه‌دیب و نووسه‌ر و چیرۆك نووسێك، ئێستاش ئه‌و خه‌ونه‌یان هاتۆته دی، بۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین نووسینی داڕشتن باشترین ده‌روازه‌یه بۆ هاتنه نێو دونیای نووسین، بۆیه پێویسته مامۆستایانی ئه‌م بواره به‌زمانه‌كانی خوێندن (كوردی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی) هه‌وڵی ئه‌وه‌بده‌ن ئه‌م بواره بۆ قوتابی بره‌خسێنن كه فێری بنه‌ماكان و نووسین و داڕێژی وشه سازی و ریزبه‌ندی رسته‌كان بێت، چونكه هه‌موو قوتابیه‌ك له‌دوارۆژ نابێ به (پزیشك، یاخوود ئه‌ندازیار، یا پارێزه‌ر !)، به‌ڵكو له‌نێو بازنه‌ی ژیاندا هه‌ر تاكه‌و به‌پێی ئاست و حه‌زو ویستی خۆی ده‌توانێ خۆی له‌و بواره بدۆزێته‌وه كهمهبهستیهتی، بۆیه نووسینی داڕشتنیش باشترین رێگایه بۆ دروستكردنی قوتابیی نووسه‌ر و ئه‌دیب و ڕاگه‌یاندنكار .
كورستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.