Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 15:52

دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی: یەکلاییکردنەوەی کێشەکان کاری دادگایە

‌راگه‌یه‌ندراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%


سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی رایگەیاند، یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و تاوانبارکردن و دەرخستنی بێتاوانی کاری دادگایە و میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنی ئەو کارانە نین.

ئەمڕۆ 27-12-2018 لە راگەیەندراوێكدا سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كە لە پێگەی فەرمی خۆیاندا بڵاویان كردووەتەوە تیایدا ئاماژە بەوە كراوە كە: وەک تێبینی دەکرێت ماوەیەکە بەناوی راگەیاندن و میدیاوە دەستوەردانێکی نادروست لە کاروباری دادگاکان دەکرێت و رەوتی لێکۆڵینەوە و دادگاییەکان لەبەرچاوی خەڵک دەشێوێنرێن، تۆمەتبار بە تاوانبار لەقەڵەم دەدرێت و خەڵک دادگایی دەکرێت و حوکم دەدرێت بەسەریدا، بێئەوەی هێشتا دادگا کەیسەکەی یەکلا کردبێتەوە و تاوانباری و بێتاوانی لایەنەکانی سەلماندبێت.

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات، داواکارین لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان کە دەست لەو کارە ناشیاوە هەڵگرن و میدیا نەکەنە شوێنێک بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و پشێوی کۆمەڵایەتی و نابووتکردنی یاسا و دادپەروەری و وەلانانی رۆڵ و ئەرکی دادگاکان، با میدیا ئەرکی راستەقینەی خۆی ببینێت لە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و پێدانی زانیاری و هەواڵی دروست بە هاووڵاتیان و دوورکەوتنەوە لە ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن و لەکەدارکردنی ناو و ناوبانگی کەسەکان و دەزگاکان، کە ئەو جۆرە کارانە دەچێتە خانەی تاوان و لێپێچینەوەی یاسایی هەڵدەگرن.

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی داواش لە سەرجەم هاووڵاتیانی  دەکات کە باوەڕ بەوجۆرە میدیایانە نەکەن و دوای مەرامەکانیان نەکەون و لەوە تێبگەن کە یەکلاکردنەوەی کێشەکان و تاوانبارکردن و دەرخستنی بێتاوانی ئیشی دادگایە و میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنی ئەو کارانە نین.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، هەموولایەکیش دڵنیا دەکەینەوە کە دادگاکان رۆڵی پیشەییانەی خۆیان دەگێڕن و دوور لە هەڵچوون و سۆز، بەپێی یاسا بەرکارەکان و دوای لێکۆڵینەوەی ورد و گەیشتن بە ڕاستی ڕووداوەکان دۆسیەکان یەکلا دەکەنەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.