Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 22:32

حکوومەتى هه‌رێم ژمارەیەک بڕیار لە بەرژەوەندیی چینی کەمئەندامان ده‌دات

حکوومەت مووچە بۆیان خەرج دەکاتەوە
کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی لە لایەن کەمئەندامانەوە ڕەخنە لە بڕیارێکی حکوومەت بۆ بڕینی مووچەی ھەزاران کەمئەندام گیرا، بەرپرسێکی کەمئەندامان ئاشکرای کرد، لەگەڵ حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ژمارەیەک بڕیاری نوێ لە بەرژەوەندیی چینی کەمئەندامان دراون.

مەسعوود ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ژین بۆ کەمئەندامان بە ڕادیۆ زاگرۆسی ڕاگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیاری بڕینی مووچەی ژمارەیەکی بەرچاوی کەمئەندامان، ئێمە وەک ڕێکخراوەکان لەگەڵ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بەوەکالەت کۆ بووینەوە و بڕیار درا پێداچوونەوە بە کێشەی کەمئەنداماندا بکرێت و دوای گەیاندنی گلەییی کەمئەندامان، چەند بڕیارەک لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەربارەی چینی کەمئەندامان دەرکران، کە بریتین لەوەی ڕێژەی کەمئەندامی بۆ ھەموو کەمئەندامان لە ٧٠% بۆ ٥٥%ی ڕێژەی کەمئەندامی دابەزیت، ئەوانەیشی پێشتر ڕێژەی کەمئەندامییان لە نێوان ٤٥ بۆ ٥٥ بووە، دووبارە لیژنەی پشکنین پێک بێت بۆ پێداچوونەوە."

بە بڕیارێک مووچەی ٢٣ ھەزار کەمئەندام بە ھۆی کەمیی ڕێژەی کەمئەندامییان بڕدرابوو. لەوبارەیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی ژین ڕوونی کردەوە: "ھەر کەمئەندامێک بە ھۆی ڕێژەی کەمئەندامییەوە مووچەی بڕدرابێت، ئەوە حکوومەت مووچەی بۆ خەرج دەکاتەوە، چونکە مووچەی دوو مانگی ژمارەیەک کەمئەندام بڕدراوە و ھەردوو مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت."

مەسعوود ئەنوەر گوتیشی: "لیژنەی پشکنینی کەمئەندامان دەست بە کارەکانی دەکاتەوە و ھەر کەمئەندامێک پێشتر گلەییی لە ڕێژەی کەمئەندامییەکەی ھەبووە، مافی ھەیە دووبارە پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوانە ناگرێتەوە کە ڕێژەی کەمئەندامییان لە خوار ٤٠% بێت. ئەو بڕیارانەی حکوومەت ھیوایەکی بە کەمئەندامان بەخشییەوە، چونکە بە سیستەمی نوێ زۆرینەیان لە مووچە و ئیتمیازاتی کەمئەندامان بێبەش دەبوون."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.