ن/ ئه‌نوه‌ر شێخانی
هونه‌ر له كۆمه‌ڵناسیدا وه‌ك به‌شێك له مه‌عریفه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌ژمار ده‌كرێ، بۆیه هه‌وێنی هونه‌ر له نێو كۆمه‌ڵگاوه ده‌رده‌ی كلتوور ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه، كه سه‌رچاوه‌ی تێركردنی ڕوانگه‌ی ستاتیكی تاكه له‌نێو كۆمه‌ڵدا، به واتایه‌كی تر هونه‌ر و كۆمه‌ڵگه دوو ڕووی یه‌ك دراون بۆ ده‌ربڕینی جوانبینی، بۆیه هیچ كۆمه‌ڵێكیش به بێ هونه‌ر و داهێنان گه‌شه ناكاو كۆمه‌ڵگای بێ هونه‌ری به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراو و ته‌ریك كه‌وته‌یه.
هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رێمێكی سیاسی، جوگرافی، ئابووری دیاری ناوچه‌كه‌یه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێ كه كۆڵه‌گه‌ی بونیادی ئه‌م هه‌رێمه نه‌ته‌وه‌ییه. نه‌ته‌وه‌ییش واتا ناسنامه، ناسنامه‌ش په‌یوه‌سته به كلتوور، هونه‌ریش به به‌شێكی گرنگی كلتوور هه‌ژمار ده‌كرێ و هه‌رده‌م جیاوازی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه جیاجیاكانی ده‌وروبه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ما كلتوورییه‌كانه، بۆیه هه‌رده‌م ئه‌وه له‌یاد نه‌كه‌ین كه ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كانی هونه‌ر وه‌ك یه‌ك گرنگی خۆی پێبدرێ.
شانازی كردن به ده‌ستكه‌وتی به‌ره‌و پێشچوونه ئابووری و سیاسی و.. هتد، شانازییه‌كی كرچ و كاڵه ئه‌گه‌ر هاوشان نه‌بێت له‌گه‌ل به‌ره‌وپێشچوونی كلتووری. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو كابینه‌كانی خۆیدا، كه‌م تا زۆر، خه‌رجی به‌رچاویان بۆ چالاكی هونه‌ری كردووه. به‌ڵام هه‌رده‌م گله‌یی هه‌بووه و به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌شێكی ئه‌و خه‌رجیانه جێی خۆی نه‌گرتووه و له‌وانه‌یه به پێچه‌وانه له‌سه‌ر لایه‌نی كۆمه‌ككار شكابێته‌وه.
ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر به‌ره‌و پێشچوونێكی ئابووری یان ته‌ندروستی یان هه‌ر لایه‌نێكی تر ڕۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت، رۆڵێكی سه‌ره‌كی ببینێت و هاوئاهه‌نگ بێت، به‌شێك بێت له بوژانه‌وه، ئه‌وا بۆ بواره‌كانی هونه‌ریش، كه‌رتی تایبه‌ت ده‌توانێ ڕۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت. كه‌رتی تایبه‌ت به زۆر شێواز ده‌توانێ به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی بێت له په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی هونه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی و ده‌توانێ ببێته هانده‌رێكی باشیش بۆ هونه‌رمه‌ندان بۆ كاری هونه‌ری زیاتر و جوانتر.
هونه‌ر له ڕووی پیشه‌ییه‌وه، تا ئێستا له كوردستان، ده‌توانم بڵێم، نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه هونه‌رمه‌ند بتوانێ به هونه‌ره‌كه‌ی ژیانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان بتوانن سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی دارایی بێت بۆ هونه‌رمه‌ند، ئه‌مه‌ش دیاره بۆ چه‌ندین هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دیارترینیان نه‌بوونی یاسایه‌كی تۆكمه‌یه بۆ پاراستنی مافی هونه‌رمه‌ند و وه‌ك چۆن حكومه‌ت له‌باره‌ی براندێكی بازرگانی دێته گۆ وه‌ك به‌شێك له ئاسایشی ئابووری، ئاواش له‌باره‌ی ئاسایشی كلتووری پێویسته حكومه‌ت به به‌هایه‌كی به‌رزه‌وه سه‌یری هونه‌ر بكات. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه تا ڕاده‌یه‌ك له چاو هونه‌ره‌كانی تر فه‌رامۆشكردنی پێوه دیاره، هونه‌ری شێوه‌كارییه كه پێویستی هه‌ڵوه‌سته كردنه له‌سه‌ری.
بواری هۆتێل و رێستورانت و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان ئه‌و شوێنانه‌ن كه خه‌ڵكی بێگانه و گه‌شتیاران به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌كه‌ن، ئه‌م شوێنانه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ناوه‌ندی به‌یه‌ك گه‌یشتنی كلتووره جیاوازه‌كانه. ئه‌گه‌ر گوزه‌رێك به‌نێو ئه‌و شوێنانه بكه‌ین ده‌بینین كه دیواره‌كانیان ته‌نیا تابلۆی كۆپی ده‌بینین كه هیچ پێناسه‌یه‌كی كلتووری كوردی پیشان نادات، نه‌بوونی تابلۆی ره‌سه‌نی شێوه‌كاری و خۆشنووسانی كوردی له‌م شوێنانه یه‌كێكه له كه‌موكوڕییه به‌رچاوه‌كان كه زیانی، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، دوولایه‌نه‌یه، له لایه‌نی پرسی په‌ره‌پێدانی گه‌شتیاری، گه‌شتیار ئه‌و هه‌ستی بۆ دروست نابێ كه له شوێنێكی جوگرافی كلتووری جیاوازه، ئه‌م حاله‌ته‌ش زۆرجار گه‌شتیاری بیانی ئه‌م تێبینییه‌یان كردووه و پرسیاریان كردووه كه ئایا بۆهیچ سیمایه‌كی هونه‌ری كوردی نابیندرێ؟ هه‌موومان ده‌زانین یه‌كێك له هۆكاره‌كانی گه‌شتی خه‌ڵك له‌پێناوی ناسین و بینینی فه‌رهه‌نگی جیاوازه. له‌لایه‌نی هونه‌رییه‌وه‌ش، كرینه‌وی تابلۆی هونه‌ری شێوه‌كاران و خۆشنووسانی كورد له‌لایه‌ن ئۆتێل و رێستورانت و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێت بۆ بوژانه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی و هانده‌رێكی گرنگ ده‌بێت بۆ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م بواره بۆ به‌ره‌وپێشچوونی زیاتر و به‌رهه‌می ناوازه.
بوونی بڕیارێك بۆ ناچاركردنی ئۆتێل و رێستورانت و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان به كڕینه‌وه‌ی تابلۆی هونه‌رمه‌ندانی بواری شێوه‌كاری و خۆشنووسی هه‌ڵواسینی ئه‌م تابلۆیانه وه‌ك مه‌رجێكی تری پێدانی مۆڵه‌ت یان نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ئه‌م شوێنانه، واتا هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌گه‌ل ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، ده‌بێته هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی بۆ پیشاندانی تایبه‌تمه‌ندی كلتووری و هونه‌ری كوردی و بوونی سیمای كورده‌واری بۆ گه‌شتیاران و ئینجا له‌لاكه‌ی تردا ده‌بێته هۆكارێك بۆ بوژانه‌وه و په‌ره‌پێدانی هونه‌ری شێوه‌كاری و خۆشنووسی كوردی له هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند سه‌د دۆلارێك بۆ كڕینه‌وه‌ی تابلۆی شێوه‌كاری و خۆشنووسی نابێته بارگرانییه‌كی زۆر بۆ ئه‌م شوێنانه.
بۆ هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌ش پێویسته هه‌ریه‌ك له سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی خۆشنووسانی كوردستان هه‌ماهه‌نگ بن له‌به‌رئه‌وه‌ی لێره‌وه هه‌نگاونان ده‌ستپێده‌كات بۆ به كه‌رتی تایبه‌ت كردنی هونه‌ر. بۆیه ده‌بێ، هه‌روه‌ك چۆن ئۆتێل و رێستورانت و شوێنه گه‌شتیاریه‌كان پۆلینبه‌ند كراون به هه‌مان شێوه‌یش شێوه‌یه‌ك له پۆلینبه‌ندی بۆ هونه‌رمه‌ندانیش هه‌بێ بۆ دیاریكردنی نرخ و سیسته‌می كاری به‌رنامه‌یه‌كی له‌م جۆره.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.