سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، دزینی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی کونکردنی بۆڕیی نەوتەوە بە خەڵکی ئاسایی ناکرێت و مافیا و دەسەڵاتدارەکانی لەپشتە.
جارێکی دیکە لە سنووری ناحیەی تازەی سەر بە پارێزگای کەرکووک بۆڕیی نەوت کونکراوە و نەوتی لێ دزراوە و ھێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک کەسیان بەو تۆمەتە دەستگیر کردووە، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازیش لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەحمەد عەسکەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دزینی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی کونکردنی بۆڕیی نەوتەوە بووەتە دیاردە و ئەمە جاری یەکەم نییە و بەردەوام بۆڕیی نەوت کون دەکرێت و نەوتی لێ دەدزرێت و لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشرێت، ئەمەش بۆ لاوازیی ھێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە ھێزە ئەمنییەکان ڕێک بخرێنەوە و جارێکی دیکە بڵاوەیان پێ بکرێتەوە، چونکە ناکرێت بەو شێوەیە دزینی نەوت بەردەوام بێت."
ئەحمەد عەسکەری گوتیشی: "ھەر جارێک دزی لە نەوتی کەرکووک دەکرێت کۆمەڵێک خەڵک دەستگیر دەکرێن و ماوەیەک دواتر بێدەنگ دەکرێن، بۆیە ئەمە چارەسەر نییە و پێویستە چارەسەری ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە."
عەسکەری باسی لەوەش کرد: "دزینی نەوت لە ڕێگەی کونکردنی بۆڕییەوە بە خەڵکی ئاسایی ناکرێت و پێویستی بە پاسەوانی باش ھەیە و ئەم کارە مافیا و خەڵکی دەسەڵاتداری لەپشتە، ئەگەرنا ناتواندرێت بەو شێوەیە نەوتی کەرکووک بدزرێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.