Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 10:48

میر تەحسین بەگ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەکات

داواى کورسییەکی وەزاری لە کابینەی داهاتوودا بۆ ئێزدییەکان ده‌كات
کوردستان TV
100%

بەبۆنەی كاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە، میر تەحسین بەگ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەکات.

میر تەحسین بەگ ، میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان دەڵێت، "بەو بۆنەیەوە گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە ئەرک و رۆڵی سەرکردایەتیتان لە پتەوکردنی پەیوەندی متمانەپێكراو و لێگەیشتن لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان لە رێگەی پێدانی مافەکانیان بە جیاوازی ئینتیما ئایینی و ئیتنییەکانیان، ئەوەش بۆ دەستەبەرکردنی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و رێککەوتن بە جۆرێك کە ماف و خواستەکانی سەرجەم پێکهاتە کوردستانییەکان، بپارێزێت".

میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان دەشڵێت، "ئێمە چاوەڕێی رۆڵی کارا و ناوازەی جەنابتان دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵی خێر بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی متمانە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانە، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و جێگیرکردنی دیموکراسی و فرەیی و بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و خێر بۆ گەلی کورستان لە ژیانی ئابڕوومەندانە و خۆشگوزەرانی بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە". 

میر تەحسین بەگ دەڵێت "ئێمە بە گەشبینییەکی گەورەوە، تەماشای رۆڵی سەرکردایەتیتان دەکەین لە پێدانی کورسییەکی وەزاری لە کابینەی داهاتوودا بە ئێزدییەکان و هەروەها گرنگیدان بە ئاوارەکانی شنگال و بەشداریکردن لە رزگارکردنی ئەو ئێزدییانەی کە تاوەکو ئێستاش لای رێکخراوی داعشی تیرۆریست ماونەتەوە و هەروەها بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی ناوچەی ئێزدییەکان، بەمەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان". 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.