به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی ھه‌رێمی كوردستان زۆرترین رێژه‌ی باران بارین له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوو، له پارێزگای ھه‌ولێر له قه‌زای كۆیه بووه كه گه‌یشتووه‌ته ٦٤,٥ ملم و كۆی گشتی باران بارین له ئه‌مساڵدا بۆ ٤١٢ ملم به‌رز كردووه‌ته‌وه، له پارێزگای سلێمانی له قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان بووه و گه‌یشتووه‌ته ٦٦,٢ ملم و گۆی گشتی باران بارینی بۆ ٣٣٦,٦ ملم به‌رز كردووه‌ته‌وه، له پارێزگای دھۆك له‌ناوچه‌ی بجیل بووه كه ٧٠ ملم بووه و كۆی گشتی باران بارین له‌و ناوچه‌یه له ئه‌مساڵدا گه‌یشتووه‌ته ٥٠٩,٥ ملم، ھه‌وره‌ھا له پارێزگای ھه‌ڵه‌بجه به‌رزترین رێژه‌ی باران بارین له ناوچه‌ی ته‌وێڵه بووه كه ٦١,٤ ملم بووه و كۆی گشتی باران بارینی بۆ ٣٥٥,٤ ملم به‌رز كردووه‌ته‌وه
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه شه‌پۆلێكی باران بارین ھه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی ھه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، كاریگه‌ری ئه‌و شه‌پۆله تا ئێواره‌ی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه به‌رده‌وامی ده‌بێت و دواتر كاریگه‌رییه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه.
شه‌وی رابردوو له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان به‌ھۆی باران بارینی به‌خووڕ و به‌رده‌وامه‌وه لافاو دروستبووه و چه‌ندین ماڵ و رێگاوبانه‌كان زیانیان به‌ركه‌وتووه.
له پارێزگای سلێمانی ئه‌و ماڵانه‌ی ده‌كه‌ونه نزیك چه‌م و نزماییه‌كانه‌وه و ئاوه‌ڕۆی سندووقی بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانیان نه‌كراوه زیانیان پێگه‌یشتووه و ئاو و لافاو چووه‌ته ماڵه‌كانیانه‌وه، ھه‌روه‌ھا چه‌ندین رێگای سه‌ره‌كی و پرد به‌و ھۆیه‌وه رووبه‌ڕووی زیان بوونه‌ته‌وه و رێگای ھاتوچۆ داخراوه.
شه‌وی رابردوو به‌و ھۆیه‌وه پردێكی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر رێگای ده‌ربه‌ندیخان ـ كه‌لار كه ناوچه‌ی گه‌رمیان و ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان به شاری سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه داڕوخا و ھاتوچۆ له‌و رێگایه‌وه وه‌ستا.
ھه‌روه‌ھا پردێكی سه‌ره‌كی رێگای سلێمانی بۆ پێنجوێن و ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی باشماخ به‌ھه‌مان شێوه داڕوخاو ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل له‌و رێگا سه‌ره‌كییه‌ش راگیرا.
ماوه‌ی دوو رۆژه و به‌ھۆی به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی به‌نداوی سماقووڵی، ھاتوچۆی نێوان ھه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و ھه‌ولێر له‌و ڕێگایه‌وه ئه‌سته‌م بووه.
له‌لای خۆیه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی راپه‌ڕین له سنووری پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، له گوندی كه‌وبێن له ناحیه‌ی سه‌ركه‌پكانی قه‌زای رانیه به‌ھۆی باران بارینی زۆره‌وه خانووی ھاووڵاتییه‌ك داڕما و زیانی گیانی به‌دواوه نه‌بووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.