Erbil 15°C پێنجشەممە 09 ئایار 06:54

چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 10و 11و 12ـی ئەمساڵی فەرمانبەران

هەواڵی تایبەت به مووچەی فەرمانبەران هەیە
کوردستان TV
100%


سەبارت بە چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ، لە بەدواداچوونێكدا چەند بەرپرسێكی فەرمانبەران و وەزارەتی دارایی روونكردنەوە و زانیاریی تازە دەخەنە ڕوو.

یوسف عوسمان، سەرۆكی یەكێتیی فەرمانبەرانی كوردستان، بە (باس)ی راگەیاند، لە وەزارەتی دارایی زانیاریی وەرگرتووە، تاوەكو ئێستا بە نووسراو بڕیار لەسەر سێ مووچەكەی ئەمساڵ نەدراوە، گوتی: "ئەوەی كە لە وەزارەتی دارایی پێمان گەیشتووە ئەوەیە، یان ئەو سێ مووچەیە لە ساڵی 2019 بەردەوام دەبێت، یان پاشەكەوت دەكرێت، بەڵام وەزیری دارایی هیچ بڕیارێكی لەسەر نەداوە و چاوەڕوان دەكرێت بڕیارەكە نزیك بووبێتەوە".

ئەو كە ئێستا لە دیوانی وەزارەتی دارایی بەرپرسیاریەتیی هەیە، ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی دەگوترێت و باس دەكرێت لەسەر ئەو سێ مووچەیە، هیچی فەرمی و نووسراو نییە، گوتیشی: "ئەوەی وەكوو زانیاری هەیە، مووچەی ئەو سێ مانگە لە ساڵی 2019 درێژەی پێ دەدرێت، راستە 31ی 12 حیساباتی ساڵانە دەوەستێت، بەڵام باوەڕ ناكەم بودجە لە سەرەتای ساڵەوە كاری پێ بكرێت، بەڵكوو دوا دەكەوێت".

جەختیشی كردەوە، زانیاری هەیە تاوەكوو مانگی 4 مووچە وەكوو خۆی دابەش دەكرێت، گوتیشی: "ئەگەر پاشەكەوت هەڵنەگیرێت، تاوەكوو مانگی 4ی 2019 مووچە وەكوو خۆی بەردەوام دەبێت، ئەگەریش ئەو سێ مووچەیە پاشەكەوت بكرێت، ئەوە لە 1ی 1ی 2019وە پاشەكەوت هەڵدەگیرێت".

یوسف عوسمان، بە دووری دەزانێت لەگەڵ مووچەی مانگی 9ی ئەمساڵ مووچەیەكی تر بدرێتە فەرمانبەران، گوتیشی: "كاتەكە بەش ناكات و حكوومەتیش بڕیاری نەداوە دوو مووچە بەیەكەوە دابەش بكات، چونكە پارەكە زۆرە".

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (باس)ی راگەیاند، پاش دابەشكردنی مووچەی مانگی 9، كە ئەم مانگە زووتر كۆتایی بە دابەشكردنی دێت، وەزارەتی دارایی بڕیار لەسەر مووچەی ئەو سێ مانگە دەدات.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، لە ماوەیەكی نزیكدا وەزیری دارایی لەگەڵ بەرپرسی گەنجینەكان و بەڕێوەبەری گشتیی خەرجی و ژمێریاری كۆ دەبێتەوە و بۆ مووچەی هەر سێ مانگی ئەم ساڵ تاوتوێی چەند پێشنیارێك دەكرێت.

ئەو سێ مووچەیەی دەمێنێت پێویستی بە زیاتر لە 2 ترلیۆن دینار هەیە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، لە ساڵی 2015 دا مووچەی مانگەكانی 9 و 10 و 11 و 12 نەدراوە و وەكوو قەرز لای حكوومەت ئەژمار كراوە، ئەوكات بە نووسراو داوا لە وەزارەتەكان كرا ئەو مووچانە بخاتە تۆماری قەید، كە تایبەتە بە قەرز، بەڵام بۆ سێ مووچەی ئەمساڵ هیچ نووسراوێك دەرنەكراوە.

لە سەرێكی ترەوە، بەرپرسی یەكێك لە گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی بە (باس)ی راگەیاند: "لە وەزارەتی دارایی ئاگاداریان كردینەوە، هەواڵی تایبەت بۆ مووچەی فەرمانبەران هەیە، بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕوانی كۆبوونەوەیەكی گرنگ دەكەین".


شوان بەرزنجی 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.