Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 16:36

دیندار زێباری: بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم تا ئێستا بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ لە ناوچە جێناکۆکەکان دۆزراونەتەوە

راپۆرتێکی دەربارەی گۆڕە بە کۆمەڵە دۆزراوەکانی دوای شەڕی داعش بڵاوکردەوە
کوردستان TV
100%


رۆژی 6/11/2018 نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی دەربارەی گۆڕە بە کۆمەڵە دۆزراوەکانی دوای شەڕی داعش بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا زیاتر لە (٢٠٠) گۆڕی بە کۆمەڵ لەو ناوچانە دۆزراونەتەوە کە پێشتر لەژێر دەستی داعش بوون کە لاشەی هەزاران قوربانی تێدایە.

لەم بارەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو راپۆرتە دەکات، چونکە هەرێمی کوردستان قوربانیی سەرەکی تاوانەکانی داعشە و تا ئێستا بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە قوربانییەکانی هاووڵاتی کورد بوون بەتایبەتی کوردانی ئێزیدی لە دەشتی نەینەوا.

هەر لەم بارەوە دیندار زێباری وتی: دوای ئەوەی لە رۆژی  3/8/ 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەیەکی موسڵ و زۆربەی ناوچەکانی داگیر کرد و بە دڕندەترین شێوە رەفتاریان لەگەڵ ئێزیدییەکان و پێڕەوانی ئایینەکانی دیکەی ناوچەکە ئەنجامدا دوور لە عورف و دابێکی مرۆڤانە و تا ئێستاش دوای نەمانی کۆنتڕۆڵی تیرۆیستانی داعش، بەڵام رۆژانە تاوانەکانیان ئاشکرا دەبێت.

 رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە وتی: ئەو کردەوە نامرۆڤانەی داعش دەچێتە خانەی تاوانی (جینۆساید) ئەمە سەرەڕای سووتانی گوند و ماڵ و رفاندنی هەزاران پیاو و ئافرەت و منداڵی ئێزیدی و ئایینەکانی دیکە و مامەڵە کردن لەگەڵیان وەک سەبییە و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی موسڵ و رەققە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن.

 دیندار زێباری دەربارەی ژمارەی قوربانیانی ئێزیدی کە رفێندراوان و دواتر بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازاد کراون وتی: بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە رفێنردراوەکان بەم شێوەیە بووە: لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە نزیکەی (360000) سێ سەد و شەست هەزاریان ئاوارە بوون و (1293)یان شەهید بوون، (6417) هاووڵاتی کوردی ئێزیدی رفێندراون لەوانە ( 3548)یان ئافرەت و (2869)یان پیاو بوون، بە هەوڵ و کۆششەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا رۆژی 10/10/2018 توانراوە (3331) کەسیان ئازاد بکرێت لەوانە (1159) ئافرەت و (337) پیاو و (960) کچ و (875)کوڕ، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانەش تا ئێستا زیاتر لە (٣٠٠٠) لە ئێزیدییە رفێندراوەکان بێسەروشوێنن.

د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە داعش بێ جیاوازی تاوانی دژی پێکهاتە ئایینییەکان ئەنجامدا و لەم بارەوە وتی: لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعشجگە لە رفاندنی هاووڵاتیانی کوردی ئێزیدی، پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی دیکەش لەو کارە دڕندانەی داعش بێبەش نەبوون و ژمارەیەکی زۆریان رفێندران لەوانەش کریستیانەکان کە  نزیکەی (٢٠٠) دوو سەد هەزاریا ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆریشیان رفێندراون بەم شێوەیە: ژمارەی ئەو رفێندراوانەی کە کەیسەکانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاکو رێکەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دیکیۆمینت کراوە (٢٥٠) کەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (168) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤) یان بەشێوازی جۆراوجۆر رزگار کراون ، بەڵام تا ئێستا (٧٦) یان رزگار نەکراون، لەوانەی کە رزگار نەکراون ژمارەیەکیان ئافرەتن.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوشی ئاشکرا کرد کە جگە لەو هاووڵاتیانەی رفێندراون ژمارەیەکی زۆریشیان شەهید بوون و لەم رووەوە ئاشکرای کرد: دوای نەمانی کۆنتڕۆڵی داعش بەسەر ناوچەکە  تا ئێستا (٦٩) گۆڕی بە کۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاک لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە کە لە دەست داعش رزگار کراون کە بەشی هەرەزۆری قوربانییەکانی کوردانی ئێزیدی بوون و پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەردەوامە، لەلایەکی دیکەوە داعش تەنیا بە کوشتن و رفاندن نەوەستا، بەڵکو چەندین مەزار و شوێنە ئایینەکانی ئێزیدی و کریستیانیان تەقاندەوە لەوانە لە کۆی (٣١٥) مەزار و شوێنە ئایینەکانی تایبەت بە ئێزیدییەکان هەبوو، بەڵام داعش (٦٨)یانی تەقاندەوە و خاپووری کردن، ئەمە جگە لە دەیان مەزار و شوێنی ئایینی ئێزیدییەکان پێڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی دیکە وەک کریستیان و کاکەییەکان.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رزگار کردنی ئەو ئێزیدیانەی کە تا ئێستا بێسەروشوێنن و ئەوانەشی کە ئازادکراون هه‌مان مافی ئافره‌تانی هه‌رێمیان هه‌یه‌ و به‌پێی ئه‌و یاسا و رێوشوێنانه‌ی له‌ هه‌رێم پیاده‌ ده‌كرێن ئه‌وانیش مافیان پارێزراو ده‌بێت،  وهەوڵی جددی داوە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئافرەتە رزگارکراوەکان بۆ نێو کۆمەڵگا و لەم بارەوە سه‌نته‌رى راوێژكارى خێزانى لە پارێزگای دهۆك دامەزراندووە كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى پسپۆرى یاسایى و ده‌روونى پێكهاتووه ‌به‌رده‌وام له‌خزمه‌ت كردنى كەیسه‌كانى ژنانى ئێزیدی دایه‌، و توانراوە هاوكارى زیاتر له‌ (2000) ئافره‌تى بکرێت له‌م ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ (1000) ئافره‌ت ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووى (18) ساڵه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ گواستنه‌وه‌ى بۆ نه‌خۆشخانه‌ وچاره‌سه‌ركردنیان و ئارام كردنه‌وه‌ى لایه‌نى ده‌روونى لەلایه‌ن پسپۆرانى ده‌روونناس و كۆمه‌ڵناس.

شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.