Erbil 18°C چوارشەممە 23 تشرینی یەکەم 18:32

شاخەوان عەبدوڵا: سوپای عێراق ناچار دەکەین کەرکووک بەجێ بهێڵێت

شاخەوان عەبدوڵا: خۆمان دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکەینەوە
کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە مانگی ڕابردوودا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراق کۆبوونەوەی ڕایگەیاند، کە بەڵێنی لە بەرهەم ساڵح وەرگرتووە کە پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، ئەوەش بووە جێی ڕەخنەی هاووڵاتییانی کورد و تەنانەت بەشێک لە چاودێرانی سیاسیش بە فرۆشتنەوەیەکی دیکەی کەرکووکی لەقەڵەمی دەدەن.

لەو بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "ئێمە ئاگاداری هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەو نین، ئەگەر بەرهەم ساڵح ئەم کارەی کردبێت، ئەوا ئەوپەڕی بێحورمەتییە و فرۆشتنەوەیەکی دیکەی کەرکووکە، لەلایەکی دیکەشەوە بۆی نییە بەبێ کەرکووکییەکان باسی کەرکووک بکات و بەناوی ئەوانەوە قسە بکات".

شاخەوان عەبدوڵا باسی لە بێ هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لە کاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد گوتی: "کاتێک کەرکووک فرۆشرا، بەرهەم ساڵح هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، ئێستاش با لەوە زیاتر خۆی ناشیرین نەکات و جارێکی دیکە کەرکووک بفرۆشێتەوە و گوتیشی ئەوان پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە نابن".

ئەوەشی ئاشکرا کرد: "ئێستا ئێمە لە هەوڵی خۆ ئامادەکردنین بۆ پرۆژەیەک، کە جەنابی سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی دەکات، بۆیە خۆمان دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکەینەوە، چونکە بەو خەڵکە نەزانەی دوای پۆست و پلە کەوتوون دۆخی کەرکووک ئاسایی ناکرێتەوە".

ئەندامەکەی خولی سێی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "١٠٠ ڕێککەوتنی دیکە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، کەرکووک ناسنامەی کوردستانییە و هەتا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠یش دەبێ بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێت، ئەگەر دۆخەکەش بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێت، ئەوا حکوومەتی عێراق ناچار دەکەین ئەو ناوچانە جێ بهێڵێت، هەرچەندە ئێمە هێشتا بڕیارمان نەداوە و چاوەڕوانی هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانین، بە کۆتاییهاتنی هەڵوێستەکان سوپا ناتوانێت، لەناو کەرکووک، شوان، قەرەهەنجیر بمێنێتەوە، ئەگەر هەزاران دەبابە و سەربازی دیکەش بهێنن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.