Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:54

سبەی دەست بە دابەشکردنی پارەی بەڵێندەرانی کوردستان دەکرێت

100 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران دابەش دەکرێت
کوردستان TV
100%


بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان گوتی، سبەی دەست بە دابەشکردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و حکوومەتی ھەرێمیش بەڵێنی داوە ئەگەر توانای ھەبێت مانگانە برێک پارە بۆ بەڵێندەران خەرج دەکات.

بەشار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێنمایی دەرچووە و سبەی دەست بە دابەشکردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری  بەڵێندەران دەکرێت، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەرجی کردووە، کە ٤٣%ی پارەکە بۆ سلێمانی و ٥٧%یشی بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆکە، چونکە وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێم بەو شێوە دایناوە."

بەشار عەلی گوتیشی: "ئەو پارەیە دەدرێتە ئەو بەڵێندەرانەی کە کاتی خۆی چەکی پارەیان لە حکوومەت وەرگرتووە و بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پارەیان بۆ سەرف نەکراوە، ئێستا بەشێکی ئەو پارەیە دەدرێتەوە ئەوان."

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنێکی داوە کە مانگانە ئەگەر توانای ھەبێت بەشێکی پارەی بەڵێندەران خەرج دەکات، چونکە وەزیری پلاندانان باسی لەوە دەکرد بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژەکان تەواو بن و قەرزی بەڵێندەرانیش بدرێتەوە، پێویستمان بە دوو ملیار و٥٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە، چونکە بە ھەزاران پڕۆژە ھەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن و ئێستا حکوومەت ھەوڵ دەدات دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە بکرێت."

بەشار عەلی باسی لەوەش کرد: "چەندین پڕۆژە دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە و ھاتنی ئەو پارەیەش وا دەکات زیاتر جموجووڵ دروست بێت و ئەمەش وا دەکات کەرتەکانی دیکەی ئابووریش ببووژێنەوە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت و ساڵی داھاتوو زۆر لەوەی ئێستا باشتر دەبێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.