موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانیی سائیرون، ئەمڕۆ دووشەممە 15\10\2018، لە پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، نامەیەکی ئاراستەی گەلی کورد کردووەو تێدا نووسیویەتی" دەمانەوێت لەگەڵمان بژین بێ جیابوونەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستی خۆشەویستییە، بۆ ئەوەی بەیەکەوە لە عێراقێکی یەکگرتوودا بین“.
سەرۆکی رەوتی سەدر، ئەوەشی خستووەتەڕوو" دەمانەوێت بەیەکەوە بەھێزبین و نە ستەم بکەن و نە ستەمتان لێ بکرێ، داھاتوومان وەک یەک لەنێوانماندا بەش بکەین، بەدادوەری و رێگە نەدەین کەس دەستدرێژی بکاتە سەرتان، دەزانین کە خەڵکانێکتان تێدایە، میانڕەون و جیاوازی لە نێوان ھیچ کورد و عەرەبێک ناکەن، تەنیا بە کاری چاکە نەبێت“.
ئەوەشی نووسیوە: ”وەرن با بەیەکەوە عێراق رزگار بکەین، واز لە بەش بەشی بێنین، ھەموو گەندەڵکاران دوور بخەینەوە و پەیمان نوێ بکەینەوە، بەوەی کە دەموچاوی نوێ و دەسپاک، بە عێراق پێشکەش بکەین، کە شکۆی ئێوە، بپارێزێت و پێگەتان بەرز بکاتەوە، دوای ئەوەی کە عێراق و گەلەکەی سەربەرز بکەین“.
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر و سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی سائیرون، لە تویتەکەیدا، گوتوویەتیشی: ”با نەوەی کۆنتان و نوێتان یەک بگرن، ھەردوولامان ببینە کۆڵەگەی عێراق و با کەرکووکیش ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتی بۆ سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکان“.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.