لهڕاگهیاندراوێكدا كهوێنهیهك دهست ماڵپهرى كوردستان تیڤى كهوتووه ، ڕاگهیاندنى تهندروستى سلێمانى ڕایدهگهێنێت ، ئەمڕۆ شهممه لەهۆتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی د.ڕێكەوت حمە ڕەشید وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.صباح نصرالدین ئەحمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەكی بەرچاو لەپزیشكانی ناوخۆیی و بیانی، یەكەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەكانی قورگ و لووت و گوێ بەڕێوەچوو كە وابڕیارە 4 ڕۆژ بخایەنێت.
لەوبارەوە د.صباح نصرالدین ئەحمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی تایبەت بۆ سایتی "تەندروستی"ڕایگەیاند: كۆنفرانسەكە یەكێكە لە كۆنفراسە زانستییە گرنگەكان و ئێمە وەك تەندروستی سلێمانی شانبەشانی كارە ئیدارییەكان گرنگی تەواویش بە بوارە زانستییەكان دەدەین و هاوكاری ئەم جۆرە كۆنفرانسانەین بۆ سەرجەم بوارە زانستییە پزیشكییەكان.
هەروەها بەڕێوبەری گشتی ڕاشیگەیاند: لە كۆنفرانسەكەدا لێكۆڵینەوەی نوێ و بابەتی زانستی نوێ و سەردەمییانە پێشكەش دەكرێت لە بواری نەخۆشییەكانی قورگ و لووت و گوێ دا، ئەمەش وادەكات توانای زانستی پزیشكانی ناوخۆیی بەرزتر ببێتەوە لەوبوارەداو لە ئایندەشدا بیخەنە خزمەتی نەخۆشەكانەوە.
وتیشی: ئەوانەشی بەشدارن پزیشكی پسپۆڕو خاوەن بڕوانامەی باڵان لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەی عێراق لە وڵاتەكانی ئەمریكاو بەریتانیاو وڵاتانی دیكەی ئەوروپا هاتونەتە ئێرە كە ئاستی ئەم كۆنفرانسە ئاستێكی زانستی بەرزی هەیە.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.