Erbil 18°C چوارشەممە 23 تشرینی یەکەم 18:31

هێمن هەورامی: قوباد تاڵەبانی خۆی باش دەزانێ کە قۆرخکاری لە ھەولێر نییە

لە کاتێکدا خۆیان دەسەڵاتیان لە سلێمانی قۆرخ کردووە
کوردستان TV
#7
100%

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە میانی بانگەشەی لیستی 183 پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی قەرەداخی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەس و حیزبەی داوای گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی قۆرخکراو لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی دەکات، با جارێ دەسەڵاتە قۆرخکراوەکانی سلێمانی بەو ئەو لایەنە براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (مەبەست لێی گۆڕان) بداتەوە.

سەرۆکی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوورێکی نوێ کە بتوانین پرۆسی سیاسی و دیموکراتییەکان رێکبخەینەوە، دەستوورێک بۆ کۆتاییهێنان بەو هەوڵانەی دەیانەوێت یەکێتی خاکی کوردستان بخەنە مەترسییەوە.

هێمن هه‌ورامی سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی قسەکانی سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە و سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕی کە چۆن لە ڕوویان دێ باسی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی قۆرخکراو بکەن، لە کاتێکدا خۆیان دەسەڵاتیان لە سلێمانی قۆرخ کردووە.
 
هێمن هەورامی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨، لە میانی وتارێکیدا کە لە شارۆچکەی قەرەداغ لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێشکەشی کرد، ڕای گەیاند: ئێمە وەکوو خەڵکیتر نین بەڵێنی ناوەڕۆک بەتاڵ بکەین و تەنیا بۆ دەنگی هەڵبژاردن بەڵێنی ناڕاست بدات، پارتی حزبی بەرپرسیارێتییە. ڕوونیشی کردەوە: پارتی حزبی سەرانسەری کوردستانە و ناوچەگەرێتی ڕەت دەکاتەوە.

هێمن هەورامی لە وەڵامی بانگەشەکەی قوباد تاڵەبانیدا ڕای گەیاند: دەبێ نەیارەکانی پارتی فێر بن دژایەتیی پارتی، ڕق و فێڵ و گەلەکۆمەکی لە پارتی هیچی لێ سەوز نەبووە و هیچیشی لێ سەوز نابێت، پارتی دەیەوێ پارێزگای سلێمانی ئاوەدان بێ و بازاڕەکەی باش بێ، نەک بە دەست فرەکوێخاییەوە بناڵێنێ و بە دەست قۆرخکاریی ئەم باڵ و ئەو باڵ و ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵەوە بناڵێنێت.  

دووپاتیشی کردەوە: هەندێک کەس دەڵێن دەسەڵاتی قۆرخکراو لە هەولێرەوە دەگێڕینەوە، پێمان سەیرە خەڵکانێک ڕوویان هەبێ ئەم قسەیە بکەن، با ئەوانە جارێ بچن دەسەڵاتی قۆرخکراوی ناو سلێمانی بۆ ئەو لایەنە بگێڕنەوە کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بردەوە و نەیانهێڵا دەسەڵاتی ئەم پارێزگایە وەربگرن. با جارێ بچن کێشەی ناوماڵ و ناو باڵ و ناو حزبەکەی خۆیان چارەسەر بکەن، ئینجا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان بکەن. کەسانێک نەتوانن کێشەی ناوخۆیی خۆیان چارەسەر بکەن، هەر رۆژەی باڵێک و کێشەیەکیان هەبێ، چۆن دەتوانن کێشەی کوردستانییان چارەسەر بکەن.

هەر لەمبارەیەوە عەدنان کەرکوکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەرچەندە سەرۆک بارزانی، لەدەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئاگاداری کردوونەتەوە کە بانگەشەیەکی نەرم و لەسەرخۆ بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن و ”تەشھیر بەھیچ لایەنێکی سیاسی نەکەین، بەڵام ئەو لایەنەنانەی کە لەپێناو چەند دەنگێکدا تۆمەتی جۆراوجۆر بۆ پارتی درووست دەکەن، ئێمە بەئارامی وەڵامیان دەدەینەوە“.

جەختیشی لەوە کردەوە: قوباد تاڵەبانی خۆی باش دەزانێ کە قۆرخکاری لە ھەولێر نییە و پارتی دەسەڵاتی قۆرخ نەکردووە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتی لە سلێمانی دەسەڵاتی قۆرخ کردووە، تەنانەت ھێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە دایکی قوباد تاڵەبانییە، چەند بەڕێوبەرێکی حکوومی گۆڕیوە، بەبێ ئەوەی پرس بە قوباد تاڵەبانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات. بۆیە داوای پرسیاری ئەوەی لە قوباد تاڵەبانی کرد، لە بەرامبەر گۆڕینی بەرپرسەکانی حکوومەت لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە، بۆچی قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار نەهێناوە؟ بۆیە داوای لێ کرد، پێش ئەوەی باسی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی قۆرخکراوی هەولێر بکات، دەسەڵاتە قۆرخکراوەکان لەلایەن دایکیەوە بگەڕێنێتەوە.

لە کۆتایی گووتارکەیدا هێمن هەورامی بە لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، کە ئەوان بەڵێنی ناوەڕۆک بەتاڵ و ناڕاست بە خەڵک نادەن و گوتشی: ئێمە حیزبی بەرپرسیاریەتین و بەڵینێک نادەین جێبەجێی نەکەین، چونکە کوردستان لە هەموو کەسمان گەورەترە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.