Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 02:23

باوەڕپێکراوێکى سه‌دام حوسین حه‌شارگه‌ى عوده‌ى و قوسه‌ى بۆ ئه‌مریکییه‌کان ئاشکرا کرد

یه‌كێك بوو له‌و باوه‌ڕپێكراوانه‌ى دیكتاتۆرى پێشووى عێراق سه‌دام حوسێن
باوەڕپێكراوێكى سه‌دام حوسین حه‌شارگه‌ى عوده‌ى و قوسه‌ى بۆ ئه‌مریكییه‌كان ئاشكرا كرد
کوردستان TV
100%

نواف ئه‌لزێدان كه‌سێكى باوه‌ڕپێكراو و نزیك خانه‌واده‌ى دیكتاتۆر سه‌دام حوسێن، شوێنى حه‌شارگه‌ى عوده‌ى و قوسه‌ى هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى سه‌دامى بۆ ئه‌مریكییه‌كان ئاشكرا كرد.

له‌ مێژووى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بدا و له‌ نێو هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا هه‌میشه‌ خیانه‌تكار هه‌بووه‌ و ده‌ستى باڵایان هه‌بووه‌ له‌ رووداوه‌ میژوویه‌كان و نه‌وه‌ له‌ دواى نه‌وه‌ باسیان لێكراوه‌، هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى ئه‌برهه‌ كه‌ هه‌وڵى روخاندنى كه‌عبه‌ى دا و ئه‌بو رغال كه‌ وه‌ك خیانه‌تكارێك بوو به‌ رێگا نیشانده‌رى ئه‌بره‌هه‌و سوپاكه‌ى، تاوه‌كو عبداللـه‌ى كوڕى ئیبن سڵوڵ كه‌ خیانه‌تى له‌ پیغه‌مبه‌رى ئیسلام كرد له‌ جه‌نگى ئوحد، و هه‌تا داگیركردنى به‌غدا له‌لایه‌ن مه‌غۆلییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئیبن ئه‌ل عه‌لقه‌مى باوه‌ڕپێكراوى خه‌لیفه‌ ئه‌ل موعته‌سه‌م بوو و به‌ پیلان و فێڵ واى له‌ خه‌لیفه‌كه‌ كرد زۆرێك له‌ كه‌سانى پله‌ به‌رز و به‌ناوبانگ له‌ نێو سوپا خانه‌نیشین بكات و دواجار نووسراوێكى بۆ هۆلاكۆ نووسى و تیادا باسى ئه‌وى كردبوو كه‌ به‌غدا ئاماده‌یه‌ بۆ داگیركردن و هێزه‌كه‌ى ئه‌ل موعته‌سم به‌رگرى هێزه‌كه‌ى هۆلاكۆى پێناكرێت. 

نه‌واف ئه‌ل زێدانیش ئه‌و كه‌سه‌ خیانه‌تكاره‌یه‌ كه‌ ناوى خۆى خسته‌ نێو لیستى خیانه‌تكاره‌ باڵاكانى میژووى عه‌ربى.

نه‌واف ئه‌ل زێدان یه‌كێك بوو له‌و باوه‌ڕپێكراوانه‌ى دیكتاتۆرى پێشووى عێراق سه‌دام حوسێن، كه‌ ماڵى خۆى بۆ عوده‌ى و قوسه‌ى و موسته‌فاى كورى قوسه‌ى كرده‌ په‌ناو حه‌شارگه‌یه‌ك، به‌ڵام دواجار هه‌ر خۆشى بۆ ئه‌مریكییه‌كانى ئاشكرا كرد.

نه‌واف ئه‌ل زێدان له‌ سه‌رده‌مى حوكمڕانى رژێمى به‌عسى عێراق توانى نزیك بێته‌وه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ى سه‌دام حوسێن و هاورێیه‌تى خانه‌واده‌كه‌ى به‌ده‌ستهێنا، شیخ تاهر ئه‌لجبورى دراوسێ نه‌واف ده‌ڵى " نه‌واف ئه‌و سه‌روه‌ت و پله‌یه‌ى له‌ بازرگانى و زیره‌كى خۆى به‌ده‌ست نه‌هێنا به‌ڵكو له‌ نزیكبوونه‌وه‌ى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌دام دا په‌یداى كرد هه‌روه‌ك دراوسێیه‌كانى و هاورێیه‌ كۆنه‌كانى خۆى باسیان لێوه‌ كردووه‌. 

شیخ تاهر ئه‌لجبورى یه‌كێك له‌ شێخه‌كانى هۆزى عه‌ره‌به‌ و دراوسێی نه‌واف زێدان بوو ده‌ڵیت: " نه‌واف خاوه‌ن ماڵێكى خۆش و گه‌وره‌ و سامانێكى باش و له‌ ژیانێكى پڕ خۆشگوزه‌رانیدا ده‌ژیا هه‌مووى به‌هۆى پاداشته‌كانى سه‌دام حوسه‌ین بوو، هه‌رچه‌نده‌ نه‌واف كاری بازرگانى هه‌نارده‌ و هاورده‌ی ده‌كرد به‌ڵام له‌ راستیدا یه‌كێك بوو له‌ دڵسۆزانى سه‌دام و خانه‌واده‌كه‌ى هه‌روه‌ها زۆر جاریش له‌نێو خه‌ڵكى شانازى به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هاورێیه‌كى نزیكى سه‌دام و خانه‌واده‌كه‌یه‌تى و هاوڕێی هاوڕێیه‌كانی سه‌دامیشه‌".

شیخ تاهر باسى ئه‌وه‌شى كرد كه‌ پێش رووخانى رژێمى به‌عس به‌ چه‌ند مانگێك له‌ ساڵى 2003، چه‌ند كه‌سێكى خانه‌واده‌ى سه‌دام هاتبوون بۆ ماڵى نه‌واف زێدان و 200 ملیۆن دیناریان پێشكه‌شى كردبوو كه‌ ده‌یكرده‌ نزیكه‌ى 140 هه‌زار دوڵار به‌مه‌به‌ستى سه‌رپه‌رشتی كردنى له‌ بونیادنانى مزگه‌وتێكى گه‌وره‌ له‌ شارى موسڵ به‌ڵام ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام نه‌درا و وه‌ك زۆرێك خه‌ڵكى ده‌یانگێڕایه‌وه‌ نه‌واف پاره‌كه‌ی بۆخۆى بردبوو.

پیاوێكى ئایینى كه‌ نه‌یوست ناوى ئاشكرابێت و دراوسێیه‌كى نه‌واف زێدان بوو وتوویه‌تى: نه‌واف سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى باوه‌ڕپێكراو و كه‌سێكى نزیك بووه‌ له‌ سه‌دام حوسێن، به‌ڵام ته‌نها بۆ یه‌كجار ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى نێوانیان بۆ ماوه‌یه‌كى كه‌م ناخۆشیان تێكه‌وت كاتێك خانه‌واده‌ى سه‌دام هه‌ستیان به‌ دڵگرانى كرد كه‌ سه‌لاح ئه‌لزێدان شانازى به‌وه‌وه‌ كردبوو كه‌ كوڕه‌ مامى سه‌دامه‌ و له‌سه‌رده‌مى حوكومرانى سه‌دام حوسێن ئه‌و جۆره‌ ده‌نگۆیانه‌ زێدانى له‌سه‌ر بوو، هه‌ر بۆیه‌ حكومه‌تى به‌عس بڕیارى 7 ساڵ زیندانى بۆ سه‌لاح ئه‌لزیدان ده‌ركرد و به‌ كه‌متر له‌ یه‌ك مانگ سه‌لاح زیندانى ئازاد كرا و ئه‌ویش به‌ باشه‌ شكایه‌وه‌ سه‌ر نه‌واف و براكه‌ى سه‌لاح ئه‌ل زێدان، هه‌روه‌ك پیاوه‌ ئایینییه‌كه‌ باسى ده‌كات ده‌ڵێ ئه‌وان له‌ جاران به‌هێزتر بوون.

له‌ ساڵى 2003 كاتى رووخانى حكوومه‌تى پێشووى عیراق له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ سه‌دام حوسین و ئه‌ندامانى خێزان و هاوكارانى حكوومه‌ته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانى نێو حزبى به‌عسى به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵهاتن و ده‌ربازبوونیان له‌ وڵاتى عێراق، ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانیش پشكنینى چلریان گردبوو به‌ر بۆ ده‌ستگیركردنیان و راده‌ستكردنى دادگا بكرێن به‌هۆى تاوانه‌ نامرۆڤه‌كانیان دژى هاووڵاتییه‌ عێراقییه‌كان به‌ درێژایى حوكمڕانیان هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مریكا بۆ ده‌ستگیر كردن و گه‌یاندنى زانیارى به‌سوود ده‌رباره‌ى چه‌ند به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌تى عێراقى پێشوو بڕیك پاره‌ى زۆریان وه‌ك خه‌ڵات دابین كردبوو بدرێت به‌و كه‌سه‌ى زانیارى به‌سوودیان پێبدات.

له‌دواى كه‌وتنى به‌غدا له‌ لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ له‌ ساڵى 2003، عوده‌ى و قوسه‌ى كوڕى سه‌دام حوسێن له‌گه‌ڵ مسته‌فاى كوڕى قوسه‌ى و چه‌ند كه‌سێك هه‌ڵهاتن به‌ره‌و وڵاتى سووریا، حكومه‌تى سووریا ئاگاداریان كردبووه‌ كه‌ خاكه‌كه‌ى به‌جێبهێڵن و رێگا پێنه‌دراون به‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ نێو خاكى سووریا هه‌ر ئه‌وكاته‌ عوده‌ى و قوسه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق و ده‌ڕۆن بۆ شارى موسڵ و له‌وێ پرسیارى ماڵى نه‌واف ئه‌ل زیدان ده‌كه‌ن تا ده‌گه‌نه‌ ماڵیان.

شێخ تاهیر ئه‌ل جبورى دراوسێی نه‌واف ئه‌ل زێدان و هاوڕێی منداڵى وتبووى نه‌واف هه‌موو شه‌وێك كورسی پلاستیكى ده‌هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ پێش ماڵه‌كه‌ى داده‌نیشتین و باسى دونیامان ده‌كرد و ره‌وشى عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات.

شێخ تاهیر درێژه‌ به‌ قسه‌كانى ده‌دا و ده‌ڵى له‌ مانگى حوزه‌یرانى 2003، نه‌واف ئه‌ل زێدان هه‌ڵسووكه‌وتى به‌ شێوه‌یه‌ك گۆڕا و وه‌ك جاران نه‌ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌تا واى لێهات بگاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ى بڕۆم بۆ ماڵى و لێی بپرسم، وتی له‌ ده‌رگام دا و خۆى لێیكردمه‌وه‌ و مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو بڕۆم بۆ ژووره‌وه‌ به‌ڵام نه‌واف نه‌یهێشت و پێ وتم كه‌ خزم و كه‌سانى خێزانى هاتوون و ماوه‌یه‌ك لێره‌ ده‌مێننه‌وه‌. 

دراوسێیه‌كى نه‌واف وتی نواف له‌ كۆتایی مانگى حوزه‌یران كارى سه‌یرى ده‌كرد وه‌ك كڕینى خواردنى زۆر و دانانى مۆلیده‌ى گه‌وره‌و ده‌رچوون و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو ماڵ به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشكرا نه‌بوو هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتن و دانیشتن له‌گه‌ڵ دراوسێیان كه‌م كرده‌وه‌ و له‌به‌ره‌ به‌یانى ئه‌و رۆژه‌ عوده‌ى و قوسه‌ى كوژران  بینیم نه‌واف له‌ ماڵ ده‌رچوو. 

شێخ تاهیر ئه‌ل جبورى له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: له‌ به‌یانى رۆژى 22ى حوزه‌یران نه‌واف ئه‌ل زێدان سه‌ردانى ده‌یڤید پتراوسى به‌رپرسى هێزه‌كانى ئه‌مریكایان كردبوو له‌ موسڵ و پێیانی وتبوو كه‌ هه‌ردوو كوڕى سه‌دام حوسێن عوده‌ى و قوسه‌ى له‌ ماڵه‌كه‌یدان، بۆ رۆژی دواتر له‌ 23ـى حوزه‌یرانى 2003 هێزێكى سه‌ربازى ئه‌مریكى كه‌ سه‌ر به‌ تیمی 101 بوون هاتن له‌ نزیك ماڵى نه‌واف زێدان بڵاویان كرد و هه‌ندێك له‌ دراوسێیه‌كان ده‌ڵێن یه‌كه‌م جار نه‌واف چووه‌ نێو ماڵه‌كه‌ى ته‌ماشاى كردبوو و كه‌ عوده‌ى و قوسه‌ى و مسته‌فاى كوڕى قوسه‌ى نوستوون و دواتر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ په‌نجه‌ى ده‌ستى هێماى ئۆكه‌ى بۆ ئه‌مریكییه‌كانى نیشاندا خۆى كوڕه‌كه‌ى چوونه‌ نێو سه‌یاره‌كه‌ی "هێمفى" سه‌ر به‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا بوو شێخ تاهیر ده‌ڵێ یه‌كه‌م جار گوێمان له‌ ئه‌مریكییه‌كان بوو بانگه‌وازى عوده‌ى و قوسه‌یان كرد تا خۆیان راده‌ستى ئه‌مریكییه‌كان بكه‌ن به‌ڵام قوسه‌ى له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ وه‌ڵامیانى دایه‌وه‌ به‌ ئار بى جیه‌ك و عوده‌ى به‌ قه‌ناس به‌رگرى ده‌كرد و موسته‌فاى كوڕى قوسه‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌رگرى ده‌كرد دواى رووبه‌رووبونه‌وه‌یه‌كى چه‌ند كاتژمێری و به‌ هاوكارى هێزێكى پێشمه‌رگه‌ و ئه‌مریكییه‌كان گازى فرمێسك و دواجار خانووه‌كه‌یان ته‌قانده‌وه‌ و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى سه‌دام حوسێن عوده‌ى و قوسه‌ى له‌گه‌ڵ موسته‌فاى كوڕى قوسه‌ى كوژران.

شێخ تاهیر ده‌ڵێت من كه‌ بینیم نه‌واف ئه‌ل زێدان و كوڕه‌كه‌ى له‌ نێو ئۆتۆمبیلێكى هێمفیه‌ له‌ گه‌ل ئه‌مریكییه‌كان ئاوى خواردنه‌وه‌م بۆى برد ئه‌مریكییه‌كانیش رێگایان پێ دام وتم نه‌واف ئه‌وه‌ چییه‌ 4 كه‌سیان له‌ ماڵه‌كه‌ت ده‌ركرد به‌ كوژراوى، نه‌واف وتى كوژران ئه‌وه‌ عوده‌ى و قوسه‌ى له‌ ماڵه‌كه‌مدا خۆیان حه‌شار دابوو، تاهیر ئه‌ل جبورى ده‌ڵێت دواجار بیستمان كه‌ نه‌واف 30 ملیۆن دولارى وه‌رگرت وه‌ك پاداشت بۆ ئاشكراكردنى شوێنى عوده‌ى و قوسه‌ى. 

نواف ئه‌لزێدان كه‌سی باوڕپێكراو و نزیك خانه‌واده‌ى دیكتاتۆر سه‌دام حوسێن بوو كه‌ شوێنى حه‌شارگه‌ى عوده‌ى و قوسه‌ى هه‌ردوو كوره‌كه‌ى سه‌دامى بۆ ئه‌مریكییه‌كان ئاشكرا كرد، ئێستا له‌گه‌ڵ خێزانى له‌ ناوچه‌یه‌كى به‌ناوبانگ له‌ وڵاتى به‌حرێن ده‌ژیت و هه‌روه‌ها ناوى خۆى و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى گۆڕیوه‌ و هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى ره‌گه‌زنامه‌ى به‌حرێنى ده‌دات.

سه‌دام حوسین

سه‌دام حوسین

سه‌دام حوسین

 

 

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى/ سیروان عه‌زیز 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.