لە رۆژی 6ی ئەیلولی 2018 یاریەكانی دەست پێدەكات بە بەشداری 55 هەڵبژاردە كەبەسەر چوار ئاست دابەش كراون بە پێی پۆلین كردنی هەڵبژاردەكان لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا ، لەهەر ئاستێك واتە 1و 2 و 3 و 4 پاڵەوانێك دیاری دەكرێت ، پاڵەوانی هەر ئاستێك راستەوخۆ دەگاتە یاریەكانی یۆرۆی 2020 هەروەها لەم پاڵەوانەتیە بنەمای دابەزین و سەركەوتن پەیڕەو دەكرێت ، واتا چوار هەڵبژاردە لە ئاستی یەكەم دادەبەزن بۆ ئاستی دووەم و چوار هەڵبژاردەی یەكەم لە ئاستی دووەم سەردەكەون بۆ ئاستی یەكەم ئاواش لەسەرجەم ئاستەكان سەركەوتن و دابەزین هەیە .
یاریەكانی ئەم پاڵەوانەتیە لە رۆژانی یاریەكانی فیفا ئەنجام دەدرێت ، مەبەستیش لەم خولە بەرزكردنەوەی ئاستی هەڵبژاردەكانە لەرێگای یاریكردن بەرامبەر یەك لە خولێكی فەرمیدا ، هەروەها دەرفەتە بۆ هەڵبژاردە ئاست نزمەكان بۆ ئەوەی كورسیەك لە یاریەكانی یۆرۆی داهاتوو مسۆگەر بكەن بۆ نمونە هەڵبژاردەكانی ئاستی چوارەم وەك جۆرجیا و بیلاروسیا و ئازەربێجان و ئەندۆرا دەرفەتی سەركەوتنیان بۆ یاریەكانی یۆرۆ نییە بەڵام ئەگەر ببنە پاڵەوانی ئەم ئاستی چوارەمە یەكێك لەم هەڵبژاردانە لە یۆرۆی داهاتوو دەبینین
ئەگەر ئاستی یەكەم وەك نمونە وەربگرین ئەم ئاستە بریتیە لە 12 هەڵبژاردە بەسەر چوار كۆمەڵە دابەشكراون ئەڵمانیا و فرەنسا و هۆڵەندا لە گروپی یەكەم و سویسرا و بەلژیكا و ئایسلەندا لە گروپی دووەم و پورتوگال و ئیتالیا و پۆلەندا لە گروپی سێیەم و ئسپانیا و ئینگلتەرا و كرولتیا لە گروپی چوارەم و پاڵەوانی هەر گروپێك دەگاتە یاری پێش كۆتایی لەو كاتەی سێیەمی هەر چوار گروپ دادەبەزن بۆ ئاستی دووەم ، ئاواش لەهەموو ئاستەكان یاریەكان بەڕێوەدەچن .
یاریەكان بەسیستەمی خول چوون و هاتن ئەنجام دەدرێن ، ئاستی یەكەم 12 هەڵبژاردەیە ، ئاستی دووەم 12 هەڵبژاردەیە ، ئاستی سێیەم 15 هەڵبژاردەیە و ئاستی چوارەم 16 هەڵبژاردەیە . یاریەكانی قۆناغی پێش كۆتایی و یاری كۆتایی هەر ئاستێك لە یەك وڵات ئەنجام دەدرێت و لەیەك یاری پێكهاتووە و بۆ قۆناغی پێش كۆتایی تیروپشك ئەنجام دەدرێت .
سالار جهلال
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.