ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان پرسی دەرمان و چەند پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کەرتی تەندروستی گفتوگۆ دەکات و ئەندامێکی لیژنەی تەندروستیش ئاشکرای کرد، پەرلەمان دەیەوێت پرسی دەرمان چارەسهر بکرێت و ئەو بێسەروبەرییەی پێشتر ھەبوو نەیھێڵێت.
دکتۆر شیرین حوسنی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی پشتڕاست کردەوە، كه لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی دابێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و تێیدا چەند پڕۆژەیاسایەکی گرینگ لە بواری تەندروستیدا دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە کە پەیوەستن بە ژیان و تەندروستیی ھاووڵاتییانەوە و پەسەند دەکرێن."
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد" پڕۆژەیاسای مافی نەخۆش ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت، ئەوە لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، کە دوای پەسەندکردن مافی نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکان پارێزراو دەبێت و ئیدی دکتۆر و کەرتی تەندروستی ناتوانن مافێ نەخۆش پێشێل بکەن."
دکتۆر شیرین حوسنی پڕۆژەیاسایەکی دیکەی ئاشکرا کرد، کە پهیوەندیی بە پرسی دەرمانەوە هەیە، ئەویش یاسای ئەنجومەنی تەندروستییە و دەڵێت" پڕۆژەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و حەفتەی دابێ خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە. پڕۆژەکە ھەندێ دەسەڵات لە سەندیکا تەندروستییەکان وەردەگرێتەوە و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتەوە، بەوانەش پرسی دەرمان یەکلا دەکرێتەوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.