Erbil 19°C شەممە 16 تشرینی دووەم 12:27

تره‌مپ وه‌سیه‌ته‌که‌ی مه‌ککین جێبه‌جێ ده‌کات

وێڕای سیاسه‌ت و بۆچوونی جیاواز له‌ نێوانمان
کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی مه‌ككیندا ناكات و به‌مجۆره‌ش وه‌سیه‌ته‌كه‌ی جۆن مه‌ككین جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر مردم، ترامپ به‌شداری له‌ رێوره‌سمی ناشتنه‌كه‌شم نه‌كات.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌باره‌ی كۆچی دوایی جۆن مه‌ككین، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌: وێڕای سیاسه‌ت و بۆچوونی جیاواز له‌ نێوانمان، رێز له‌ خزمه‌ته‌كانی سیناتۆر جۆن مه‌ككین ده‌گرم له‌ پێناو وڵاته‌كه‌مان. رێنماییم داوه‌ بۆ یادی ئه‌و تاكو ئه‌و رۆژه‌ی به‌ خاك ده‌سپێردێت ئاڵاكان بۆ نیوه‌ دابگیرێن.

تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ جێگره‌كه‌ی مایك پێنس به‌شداری له‌و رێوڕه‌سمه‌دا ده‌كات كه‌ رۆژی هه‌ینی ٣١ی ئاب بۆ كۆچكردوو له‌ ته‌لاری كۆنگرێسی ئه‌مریكی له‌ واشنتۆن رێكده‌خرێت.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خامه‌ی تایبه‌ت جۆن كێلـلی و وه‌زیری به‌رگری، جێمس ماتیس و راوێژكاری كۆشكی سپی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی، جۆن بۆڵتۆن به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌ به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا ده‌كه‌ن. به‌مجۆره‌ش ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تره‌مپ به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی مه‌ككیندا ناكات.

هه‌ر دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی تره‌مپ، كۆشكی سپی رایگه‌یاند كه‌ ئاڵاكانی بۆ نیوه‌ داگرتوون و تاكو به‌ خاكسپاردنی ته‌رمی مه‌ككین له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ئاڵاكان به‌مجۆره‌ ده‌مێننه‌وه‌.

به‌ پێی هه‌واڵی میدیاكانی ئه‌مریكا جۆن مه‌ككین یه‌كێك بووه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ هه‌ر سه‌رسه‌خته‌كان و به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی له‌ ترامپ گرتووه‌، بۆیه‌ له‌ مانگی ئاداری رابردوو وه‌سیه‌تی كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر مردم، ترامپ به‌شداری له‌ رێوره‌سمی ناشتنه‌كه‌ی نه‌كات.

به‌ره‌به‌یانی یه‌كشه‌ممه‌ 26-8-2018 كۆچی دوایی جۆن مه‌ككین سیناتۆر و سیاسه‌تمه‌داری ئه‌مریكی و دۆستی گه‌لی كورد له‌ ته‌مه‌نی 81 ساڵیدا راگه‌یه‌نرا.

ئاماده‌كردنی / رزگار

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.