Erbil 15°C شەممە 11 ئایار 11:12

عەدنان کەرکووکی: تا ئێستا حەشدی شەعبی لە کەرکووک نەکشاوەتەوە  

پرۆسەی بە عەرەبکردن و بە شیعەکردنی کەرکووک بەردەوامە
کوردستان TV
100%

عەدنان کەرکووکی گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک رایگه‌یاند" تا ئێستا حەشدی شەعبی لە کەرکووک نەکشاوەتەوە و پرۆسەی بە عەرەبکردن و بە شیعەکردنی کەرکووکیش بەردەوامە.

رۆژانی رابردوو لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەینەوا بەشێک لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی پاشەکشەیان کرد و لایەنە کوردی و سونەکانیش پێشوازیان لەو ھەنگاوەی حەشدی شەعبی کرد بۆ ئەوەی رەوشی عێراق بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت.

له‌م باره‌وه‌ عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک  بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی كوردستان وتى" حەشدی شەعبی لە کەرکووک پێناچێت بکشێتەوە،  چونکە ئەوان رۆژێک بە بەرگی سوپای عێراق دێنە نێو کەرکووک و رۆژێک بە بەرگی پۆلیسی فیدڕاڵ و ھێزی دژە تیرۆر خۆیان دەگۆڕن بە چەند جۆرێک و ناوێک ھەمووشی ھەر حەشدە و یەک ئامانجی ھەیە، چونکە ناوەڕۆکی ھەریەکە  و پێشترین گوتوومانە ھێزەکانی حەشدی شەعبی ناکشێنەوە لەکەرکووک تەنیا جلەکانیان دەگۆڕن.

وتیشى" ھەموو ئەو گروپانەی حەشدی شەعبی کە ھێنراونەتە کەرکووک ئەوانەن کە دژی خواستەکانی گەلی کوردن و فەرمان لە وڵاتێکی ناوچەکە وەردەگرن بەتایبەتی گروپەکانی ( ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلولحەق، حزبوڵڵا) چەند گروپێکی دیکەی ھاوشێوەیان ئێمە دەزانین سەربە کێن و پیلانیان چیە بۆ کەرکووک، خۆشیان نەیان شاردووتەوە بۆ چ مەبەستێک لەو سنوورەی کوردستانن.

گوتەبێژی پارتی لە کەرکووک جەختی کردەوە" گوشارێکی زۆر ھەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک و دەرکردنی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە، بەڵام تا ئێستا نەکشاونەتەوە.

لەبارەی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووکیش عەدنان کەرکووکی دەڵێت" پڕۆسەی بە عەرەبکرن و بە شیعەکردنیش ھەروەک خۆی بەڕێوەدەچێت و پیلانێکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە داڕێژراوە و حەشد و ھێزە عێراقییەکان جێبەجێی دەکەن، ھەر مەبەستی جێگیرکردنی حەشد لەنێو شار بۆ ئەوەیە دیمۆگرافیای کەرکووک بگۆڕن، ھەتا چەندین ماڵ و بارەگای ئێمە و لایەنی دیکە ھەن کراونەتە بارەگای خۆیان، ئەوان لە جادەی قیڕ لانادەن و تەنیا دەیانەوێ لەو شوێنەی خەڵکی تێدایە بەزۆر دەریان بکەن و تاڵانی بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.