مه‌حمود حاجی ساڵح ، وه‌زیری كاروباری شه‌ھیدان و ئه‌نفالكراوان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاند: له لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی نووسراوێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كراوه، تیایدا داوا كراوه به‌دواداچوون بكرێت له‌سه‌ر نووسراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بۆ گواستنه‌وه‌ی مووچه و ئیمتیازاتی شه‌ھیدان بۆ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق و ئاشكرایشی كرد كه ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ن له رۆژی دیاریكراودا سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و گوتی: پێشووتر به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی بڕیارێكی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی له ئه‌ستۆگرتنی مووچه‌ی شه‌ھیدان و زیندانییانی سیاسیی كوردستان له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق، سه‌رۆكوه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه.
گوتیشی: له‌ئێستادا واریسی كه‌سوكاری شه‌ھیدان و كیمیابارانكراوان و ئه‌نفالكراوان، ٧٩ ھه‌زار و ١٦٠ كه‌سن كه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ئه‌وانه مووچه و زه‌وی و كرێی خوێندن و چه‌ندان شتی دیكه‌یان به شێوه‌ی جۆراوجۆر پێ ده‌درێت، مانگانه زیاتر له ٣٤ ملیار دینار پاره‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی زه‌وی و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدانی دژ به شه‌ڕی داعش، مه‌حمود حاجی ساڵح گوتی: لیژنه‌یه‌ك هه‌یه كه تایبه‌ته به‌م بابه‌ته و هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی شاره‌وانی، ئاوه‌دانكردنه‌وه، پێشمه‌رگه و شه‌هیدان لێی ئه‌ندامن و ئێمه داوا ده‌كه‌ین كه وه‌زاره‌ته‌كانی شاره‌وانی و ئاوه‌دانكردنه‌وه په‌له بكه‌ن له رێكاره‌كان بۆ ئه‌وانه‌ی كه یه‌كه نیشته‌جێبوونه‌كانیان ته‌واو نه‌بووه و ئه‌وانه‌یشی كه زه‌ویان بۆ دابین ده‌كرێت.
له‌باره‌ی زیندانییانی سیاسییه‌وه‌ش، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان گوتی: ٢٠ ھه‌زار و ٥٦٣ زیندانی سیاسی ھه‌یه و له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا سوێندیان خواردووه، به‌ڵام ته‌نها ٥ ھه‌زار و ١٥٧ كه‌سیان مینحه‌ی مانگانه وه‌رده‌گرن كه ده‌كاته دوو ملیار و ٥١٦ ملیۆن دینار مانگانه.
راشیگه‌یاند : به‌گشتی خه‌رجیی شه‌ھیدان و زیندانیانی سیاسی مانگانه، ٣٧ ملیار و ٢٨٥ ملیۆن دیناره كه حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان دابه‌شی ده‌كات و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه سیسته‌می مینحه‌ی زیندانییانی سیاسیی له به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان جیاوازه و ئه‌و مینحه‌یه‌ش هاوشێوه‌ی به‌غدا ده‌بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.