سەرۆكی لقی سلێمانیی ئابووریناسانی كوردستان، ڕەوشی ئابووریی كوردستان بە جێگیر ناو دەبات و دەشڵێت، بارودۆخی ئابووریی هەرێم بووژاوەتەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە، بهماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند" ئێستا هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لە گەشەكردندایە، ئەویش بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، ئێمەش خاوەنی نەوتێكی باشین، هەروەها لە لایەن حكوومەتی عێراقیشەوە مانگانە 317 ملیار دەنێردرێت بۆ مووچە، هاوكات ئاستی بازرگانییش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەرز بووەتەوە، هەموو ئەوانە وا دەكەن ئابووریی كوردستان بەردەوام ببووژێتەوە".
لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی ئابووریدا، حكوومەتی هەرێم هەنگاوی كەمكردنەوەی پاشەكەوتی لە مووچەی فەرمانبەران پیادە كرد و مانگانەیش لە كاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكات، ئەو ئابووریناسە ئاماژە بەوە دەكات" لە ئێستادا بازاڕی كوردستان جووڵەیەكی زۆر باشی تێكەوتووەتەوە، هاووڵاتیان بژێویی ژیانیان باشتر بووە، دەتوانین بڵێن ئێستا هەرێمی كوردستان لە حاڵەتێكی باشی ئابووریدایە".
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانی دەركرد بە تەواوكردنی كۆی ئەو باڵاخانانەی، كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستابوو، نەوزاد ئەو بڕیارە بە زۆر گرینگ دەزانێت، چونكە دەستی كار لە وڵات زیاد دەكات، لە بەرانبەریشدا بێكاری بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات، كە بە هۆی ڕاوەستانی پڕۆژەكانەوە، هەزاران كەس بێكار ببوون.
ئەو ئابووریناسە باوەڕیشی وایە، وردە وردە دەیان كۆمپانیا و كارگە دەكەونەوە كاركردن، كە دواجار گەشە بە ئابووریی كوردستان دەدات.
له لایهكى ترهوه تاھیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، ڕەوشی ئابووریی كوردستان بەرەوپێش چووە و باشتریش دەبێت. دەشڵێ، بڕیار وایە قەرزی بەڵێندەران بدرێت بۆ ئەوانەی كە پڕۆژەكانیان وەستاوە، لیژنەیش پێك ھاتووە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەوانە بكەنەوە كە باڵاخانەكانیان تەواو نەكردووە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە.
تاھیر عەبدوڵڵا، ئەو ڕەوشە ئابوورییەی ئێستای گەڕاندەوە بۆ ئەو كێشانەی كە لە نێوان ھەولێر و بەغدادا هەن و پیێ وایە: "حكوومەتی نویێ عێراقی پێك بێت و قەیرانەكان چارەسەر بن، ڕەوشی ئابووریی كوردستان باشتر دەبێت، چونكە ئەو كێشە ھەڵپەسێردراوانەی نێوان ھەرێم و بەغدا، كاریگەریی ئەرێنییان دەبێ لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، لەبەر ئەوەی بەشیك لەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بوون كە لە بودجەی عێراقدا دیاری دەكرا، ئەوانە ھەمووی وەستێنراون و كاریان تێدا نەكراوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.