Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 11:51

پەروەردە: دانانى پڕۆگرامى تایبەت بە کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌

قوتابی بە ئاسانى دەستى بە کتێبەکان و بە شێوەى ئۆنلاین پێى ده‌گات
کوردستان TV
100%


 لە هۆتێل دێدەمانى پایتەختى هەرێمى کوردستان و بە پاڵپشتى و سپۆنسەرى هونەرى و تەکنیکى ڕێکخراوى یونیسێف، سەرۆکى کارى "بەڵگەنامەیی کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان" بە ئامادەبوونى وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و چەندین پسپۆڕ و مامۆستاى زانکۆ دەستى بە کار کرد کە ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌  كۆتا ڕۆژه‌ 

وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى پڕۆگرامەکانیەوە و بۆ یەکەم جار، دەستى کردووە بە کارکردن لەسەر پەسەندکردن و پێداچوونەوەى ڕەشنووسى کارى بەڵگەنامەیی کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان کە وەک پڕۆگرامێکى تایبەتى خوێندن لە پۆلى یەکەمى بنەڕەتییەوە بۆ پۆلى نۆیەمى بنەڕەتى بۆ ساڵى نوێى خوێندن دەخوێندرێت.

لەو وۆرکشۆپەى کە ئەنجام درا و ئه‌مڕۆ دواهەمین ڕۆژیەتى، پشتیوان سادق وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان  ڕایگه‌یاند ،  وەک وەزارەتى پەروەردە ڕەنگە لە ڕووى پڕۆگرامەوە بەتایبەت بۆ پرسى کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان کەموکورتیمان هەبووبێت، بەڵام لە ڕووى پراکتیکییەوە وەزارەتى پەروەردە ڕۆڵێکى گەورەى بینیوە و تیاشیدا سەرکەوتوو بووە. هەر لەم ڕۆژانەدا وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ڕاپۆرتێکى بڵاو کردووەتەوە و پەسنى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ بڵاوکردنەوەى هزرى پێکەوەژیان و کارکردن لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان لە نێو گەلى کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانى کوردستان کردووە، بۆیە ئێستا پێویستە پڕۆگرامیش لەو چوارچێوەیەدا هەبێت بۆ ئەوەى سەرکەوتووتر بین و کۆبوونەوەى ئەمڕۆشمان لەسەر کارنامە وڕەشنووسێکە بۆ ئەوەى لە ساڵەکانى خوێندنى ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بتوانرێت لە قۆناغى یەکەمى بنەڕەتییەوە بۆ ٩ى بنەڕەتى بخوێنرێت".

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ڕاشیگه‌یاند ،  وەزارەتى پەروەردە پێویستە گۆڕان لە پڕۆگرامەکانى خۆیدا ئەنجام بدات و ئەنجامیشى داوە، بەتایبەت ئەوەى کە بەڕێوەبەرایەتى پڕۆگرامەکان لەگەڵ ئەکادیمیاى کوردى هاوکارییەکى باشیان هەیە و ئێستا کار لەسەر زمان و پووختکردنەوەى زمانى پڕۆگرامەکان دەکەن، خۆى هەنگاوێکى گەورە و دوور و درێژە. 

بەڕێوەبەرایەتى پڕۆگرامەکان ماڵپەڕى تایبەتى خۆى هەیە کە لەم کابینەیەى حکومەتدا بۆى دانراوە و سەرجەم پڕۆگرامەکانى خوێندنى تێدا کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەى قوتابی بە ئاسانى دەستى بە کتێبەکانى و بە شێوەى ئۆنلاین ڕابگات، وەزیرى پەروەردە لەم بارەوە گوتى "پێویستە قوتابیان هۆشیارى ئەوەندەیان هەبێت کە بەردەوام سەردانى ماڵپەرى وەزارەتى پەروەردە و پڕۆگرامەکان بکەن بۆ ئەوەى هەموو پڕۆگرامەکانى خوێندنیان لە نێو مۆبایل و دەزگا ئەلیکترۆنییەکانى دیکەدا دابەزێنن و سوودى لێ وەربگرن.

کۆتا خاڵى قسەکانى وەزیرى پەروەردە پەیوەندییان بە دواکۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە هەبوو کە ڕۆژى سێشەممە ئەنجام درا و تیایدا گوتى "نابێت ئاستى زانستى و کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکانى خۆمان بە کەم سەیر بکەین. لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە پرسێکى گەورەى زانستى کرد کە هەموو فەزڵەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ماندووبوونى مامۆستایانەمان لە هەرێمى کوردستان. ئەم سەرکەوتنە گەورەیەش ئەنجامدانى تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی زانكۆی (پلازكی) چیكی بۆ به‌ده‌ستهینانی سكۆله‌رشیپ بوو کە هەرێمى کوردستان لە پێش وڵاتانى ناوچەکەوەش بووە لە ڕووى ئاستى زانستى و بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە و تەنانەت زانکۆکە سه‌رسامی خۆی نیشان داوە بە ئاستی زانستی خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان و وەفدێکى تایبەت بە نوێنەرایەتى هەردوو زانکۆی پالازکی و زانکۆی ئۆستراڤا دەستخۆشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. ئەمە مایەى سەرنجە کە لە وڵاتێکى زیاتر لە ٨٠ ملیۆن کەسى تەنیا دوو کەس دەردەچن کەچى لە هەرێمى کوردستان کە ژمارەى دانیشتووەکانى زۆر زۆر کەمە لە چاو ئێران، ٨ خوێندکارمان سەرکەوتوو بوونە".
ئەم تاقیکردنەوەیەى کە وەزیرى پەروەردە باسى لێوە کرد، لەپرۆسەیەکى شەفاف و بە پێى پێوەرە زانستییەکان لە لایەن ژماره‌یه‌ك پرۆفیسۆری زانكۆی په‌لازكی ـیه‌وه‌ به‌رێوه‌ بررا و، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیش ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه‌ى کرد و، تیایدا ( 74) کاندید کە پێشووتر ناوەکانیان لە قۆناغی یەکەمی پێشبڕکێدا له‌ پڕۆسه‌یه‌كی ورد و زانستیدا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رزترین كۆنمره‌ی قۆناغی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی (شۆرت لیست کرابوون) و مافی به‌شداریكردنیان هه‌بوو، ته‌نها (47) كاندید له‌و ژماره‌یه‌ گەیشتنە پرۆسه‌ی پێشبڕكێ و به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان كرد. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا (8) كاندید توانیان له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی ده‌ربچن و، ئه‌و سكۆله‌رشیپه‌ی چیك به‌ده‌ست بهێنن، به‌و ئه‌نجامه و به‌راورد به‌ وڵاتانی دیكه‌ خوێندكارانی كوردستان توانیان زۆترین كورسی خوێندن مسۆگه‌ر بكه‌ن.
لە وۆرکشۆپەکەى وەزارەتى پەروەردە بۆ پەسەندکردن و پێداچوونەوەى ڕەشنووسى کارى بەڵگەنامەیی کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان کە وەک پڕۆگرامێکى تایبەتى خوێندن لە پۆلى یەکەمى بنەڕەتییەوە بۆ پۆلى نۆیەمى بنەڕەتى بۆ ساڵى نوێى خوێندن دەخوێندرێت، بەڕێوەبەرى پڕۆگرامەکان قسەى لەسەر پڕۆژەکە کرد و گوتى: "ڕێکخراوى یونیسێف لە دوو ساڵى ڕابردوودا کارى لەسەر زیادکردنى پڕۆگرامى کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان لە ٢١ وڵاتى دونیادا کردووە کە هەرێمى کوردستانیش یەکێکە لەوان. ئەم پڕۆگرامە بە تێگەیشتن و هۆشیارى لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان و مافەکانى مرۆڤ و ژینگەدۆستى و مرۆڤدۆستى دەوڵەمەند دەکرێت". 
بەڕێوەبەرى پڕۆگرامەکان باسى تایبەتمەندییەکانى پڕۆگرامەکانى بەها کۆمەڵایەتییەکان و کارامەییەکانى پۆلى ١ تا ٩ى بنەڕەتى کرد و بۆ سێ بەشى گەڕاندەوە کە بریتى بوون لە:
ـ بەرهەمهێنانى تاکى سەرکردە
ـ دروستکردنى تاکى بەرهەمهێن
ـ بەهێزکردنى پرسى هاووڵاتیبوون بە هەموو بەرپرسیاریەتییەکانییەوە
شایەنى باسە، لەم وۆرکشۆپەدا کار لەسەر ئەم ڕەهەندانەى خوارەوە کرا:
ـ ناساندنى پڕۆژەکە لە لایەن بەڕێوەبەرى پڕۆگرامەکانى وەزارەتى پەروەردە
ـ خستنەڕووى بەڵگەنامەى پڕۆگرامى کارامەیی و بەهاى کۆمەڵایەتییەکان
ـ کارکردن بە گرووپ
ـ گفتوگۆکردن دەبارەى بەشى هاونیشتمانیبوون
ـ گفتوگۆ دەربارەى بەشى مافەکان
ـ گفتوگۆ دەربارەى بەشى کارامەیی
ـ گفتوگۆ دەربارەى بەشى بەهاکان
لە پاش ئەم دوو ڕۆژە و جێبەجێکردنى بەرنامەکەى سەرەوە، پڕۆگرامێکى تایبەت کە دوو ساڵە وەزارەتى پەروەردە بە هاوکارى ڕێکخراوى یونیسێف کارى لەسەر کردووە، دادەنرێت و پاش چاپ ئامادە دەکرێت بۆ خوێندن لە پۆلى یەکەمى بنەڕەتییەوە بۆ پۆلى نۆیەمى بنەڕەتى.

شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.