مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به بۆنهی ساڵیادی دامهزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پهیامێكی پیرۆزبایی ئاراستهی سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان كرد و تیایدا هاتووه:
بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان..
بەبۆنەی (42)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان پیرۆزباییەكی گەرمی خەبات و كۆڵنەدان لە بەڕێزتان و سەرجەم كادیروئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی.
بەخشش و رۆڵی حزبەكەتان لە كاروانی شۆڕش و خەباتی نەپساوەی گەلەكەمان روون و ئاشكرایەو لەو پێناوەشدا شەهیدو قوربانی زۆرتان داوە بۆ بەدەستهاتنی دەسكەوتەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان.
ئێمە كاتێك ئەو یادە پیرۆز دەكەین و خەبات و فیداكاری و ئەو قوربانیانەی ئێوە بەهەند دەگرین، هاوكات رەوشی گرنگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، واپێویست دەكات زیاتر سووربین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزیی و تەبایی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییە زیاتر پتەوترو بەهێزتر بكەین لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی گەلەكەمان و تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ لەئارادایەو دابین كردنی ئایندەیەكی رۆشنتروگەشتر بۆ گەلەكەمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفرازو سەركەوتوو بن
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.