Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 15:45

وه‌زیری په‌روه‌رده‌: ده‌توانین به‌ شێوه‌ی وانه‌بێژ سوود له‌ ده‌رچووانی کۆلیژ وه‌ربگرین

ئه‌و میلاكاتانه‌ی ھه‌مانه‌ رێكیبخه‌ین
کوردستان TV
100%

پشتیوان سادق، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ بۆ ئێمه‌ زۆر باش بوو كه‌ به‌ ھاوكاری رێكخراوی یونیسێف و ده‌سته‌كانی ده‌ستپاكی و مافه‌كانی مرۆڤ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌مانه‌وێت كتێبێكی دیكه‌ بخه‌ینه‌ نێو پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ پۆله‌كانی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی بۆ نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠، ئه‌و كتێبه‌ش كه‌ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ ئه‌و به‌ها و كارامه‌ییانه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌نێویاندا به‌تایبه‌تی پڕنسیپه‌كانی ھاونیشتمانیبوون، مافه‌كان، خۆشه‌ویستی نیشتمان، ژینگه‌پارێزی، له‌گه‌ڵ ھه‌موو ئه‌و شته‌ جوانانه‌ی كه‌ پێویسته‌ منداڵی كوردی له‌سه‌ر رابھێنین.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان روونیشیكرده‌وه‌ ، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌بێته‌ كتێب و له‌ ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ده‌خوێندرێت، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ زۆر وڵاتی دیكه‌ش په‌یڕه‌و ده‌كرێت و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت به‌ھاوكاری رێكخراوی یونیسێف ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستكاریكردنی پرۆگرامه‌كانی دیكه‌ی خوێندن به‌تایبه‌ت بابه‌تی ئایین، پشتیوان سادق گوتی: بێگومان ئێمه‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام به‌ڕێزه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ین كه‌ ئایینی زۆرینه‌ی ھه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكی كوردستانه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئایینه‌كانی دیكه‌ش له‌ ھه‌رێمی كوردستان ھه‌ن و زۆر پێویسته‌ خوێندكار و قوتابییانی ئێمه‌ شاره‌زاییان له‌سه‌ر ئایینه‌كانی دیكه‌ له‌ ھه‌موو عێراق و ھه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت جیھانیش ھه‌بێت، بۆ نموونه‌ پێویسته‌ قوتابی ئێمه‌ بزانێت مه‌سیحییه‌ت، ئێزدی، كاكه‌یی، بوزی ئه‌و ئایینانه‌ چیین، جگه‌ له‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام كه‌ ئایینی زۆرینه‌ی دانیشتوانی ھه‌رێمی كوردستانه‌، واته‌ قوتابیانی ئێمه‌ زانیاریی له‌سه‌ر ئایینه‌كانی دیكه‌ ھه‌بێت له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلام و ئه‌و زانیارییانه‌ له‌سه‌ر ئایینه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ر حسابی ئایینی ئیسلام نابێت.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ تایبه‌ت به‌ داخستنی قوتابخانه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌ددین و شوێنه‌كانی دیكه‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان و له‌و رووه‌وه‌ گوتی: "بڕیار بوو له‌ یه‌كی ته‌مووزه‌وه‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ی ئاواره‌كان له‌ ھه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روره‌ده‌ی عێراقه‌وه‌ دابخرێن، به‌ڵام پێموابێت له‌ بڕیاره‌كه‌یان پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ ئاواره‌كان به‌تایبه‌ت ئاواره‌كانی مووسڵ چوونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، به‌ڵام دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ له‌ رووی خزمه‌تگوزاری و ئه‌منییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ ھیچێكی ئه‌وتۆیان پێشكه‌ش بكرێت، پێموایه‌ به‌نیاز نیین ئه‌و قوتابخانانه‌ دابخه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ خوێندنی زمانی ئینگلیزی و فه‌رامۆشكردنی زمانی كوردی له‌ به‌شێك له‌ قوتابخانه‌كان وه‌زیری په‌روده‌وه‌ی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، پشتیوان سادق گوتی: ئێمه‌ نابێت به‌ عاتیفی ته‌ماشای ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین، یه‌كه‌م زمانی شیرینی كوردی بۆ ئێمه‌ له‌ پێشتره‌ و ئه‌وله‌وییه‌ته‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ زمانی ئینگلیزیش بخوێندرێت و گرنگییه‌كی زۆری پێبدرێت، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانه‌ و ھه‌موومان پێمان خۆشه‌ منداڵه‌كانمان به‌ ئینگیلیزی قسه‌ بكه‌ن له‌ پاڵ زمانی كوردی، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پڕۆژه‌ و پڕۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ پێشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرنگی به‌ زمانی ئینگلیزی بدات له‌ ھه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌سه‌ر حسابی زمانی كوردی نابێت.

له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ده‌رچووانی په‌یمانگه‌ و زانكۆكانیش وه‌زیری په‌روه‌رده‌ روونیكرده‌وه‌ دامه‌زراندن تا ئێستا نییه‌، به‌ڵام ده‌توانیین ئه‌و میلاكاتانه‌ی ھه‌مانه‌ رێكیبخه‌ین، ده‌توانیین به‌ شێوه‌ی وانه‌بێژ ئه‌و گه‌نجانه‌ی ده‌رچووی كۆلیژن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌رچووی په‌روه‌رده‌ و بونیاتن سوودییان لێوه‌ربگرین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.