Erbil 7°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 21:13

قادر زیره‌ک ته‌مه‌نێکی کورت و داهێنانی له‌بیرنه‌کراو

زۆرت له‌هه‌گبه‌دا بوو
کوردستان TV
100%

ن/ كه‌مال ڕێناس

كه‌ باسی هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌حه‌فتایه‌كان و هه‌شتایه‌كان بكرێ ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ی شایه‌تمانی بۆ قادر زیره‌ك درێژ نه‌كه‌ین و فه‌رامۆشی بكه‌ین باسه‌كه‌مان ناته‌واو ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م، بۆیه‌ ئیمڕۆ له‌ ساختمانی گۆرانی كوردی ده‌مه‌وێ په‌نجه‌ره‌یه‌ك بكه‌مه‌وه‌ هه‌تا بای نه‌سیمی ده‌نگی فێنكایی به‌ ده‌روونمان ببه‌خشێ.

قادر زیره‌ك هونه‌رمه‌ندێكی په‌پوله‌ئاسا ته‌مه‌نكورت بوو، به‌ڵام هه‌تا له‌توانایدا بوو بێ ماندووبوون، هه‌ولی دا له‌سه‌ر گوڵزاری ئازاره‌كان جوانترین تابلۆ بنه‌خشێنێ، هه‌نگ ئاسا به‌ ده‌نگه‌ چه‌هچه‌هه‌داره‌كه‌ی له‌سه‌ر بۆنخۆشیترین گوڵه‌كان ده‌نیشت، گوڵاوه‌كه‌ی هه‌ڵده‌مژی و ده‌یكرده‌ هه‌نگوینی گۆرانی، به‌ ده‌نگه‌ ئارامبه‌خشه‌كه‌ی زاخاوی مێشك و ده‌روونی پاراو ده‌كردین، ده‌یزانی په‌پوله‌ ئاسا ته‌مه‌نی كورته‌، بۆیه‌ هه‌دادانی نه‌بوو له‌ حه‌ولدان بۆ خزمه‌تی گۆرانیی كوردی، وه‌كو په‌روانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌حاله‌تی فه‌نای ئه‌به‌دی چاك ده‌یزانی ده‌سووتێ، به‌ڵام سوتانی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی پێ چاتر بوو، له‌ مانه‌وه‌یه‌كی به‌ زه‌لیلی بۆیه‌، خۆی به‌ مۆمه‌كه‌ دادا، جه‌سته‌ی سووتاند به‌ڵام ڕۆحی له‌ شه‌قه‌ی باڵی دا بۆ ئاسمانی نه‌مری.

ده‌نگ:

یه‌كێك له‌ ڕه‌گه‌زه‌ هه‌ره‌ پێویسته‌كانی كه‌ پێویسته‌ له‌ كنه‌ گۆرانیبێژی  هه‌بێ، (ده‌نگ خۆشی)یه‌، كه‌ له‌وه‌دا قادر زیره‌ك خواپێدراو بوو. خودا ئه‌و دیاریه‌ گرانبه‌هایه‌ی پێ پێبه‌خشی بوو، ئه‌ویش ئه‌و ده‌نگه‌ی كرده‌ دیاری بۆ هونه‌ری كوردی و گوێگرانی گۆرانی، به‌ڕاستی خاوه‌ن ده‌نگێكی دانسقه‌و نایاب و به‌باق و بریق بوو. به‌ خۆڕایی نیه‌ نازناوی (زیره‌ك)یان پێداوه‌،! چینی ده‌نگی له‌ (باریتۆن) هه‌ژمار ده‌كرێ. له‌ قه‌راری كه‌ گۆرانیی ده‌چڕی به‌بێ هیچ نه‌شازێ ئه‌دایه‌كه‌ی ده‌كرد. زۆر كارزانانه‌ ژێیه‌كانی قوڕگی له‌ خزمه‌ت شكۆی میلۆدی و تێكسته‌كه‌دا ده‌بوو. له‌ جه‌وابی گۆرانیه‌كانی سه‌رسامی ده‌كردی. به‌وه‌ش نه‌ده‌وه‌ستا خاوه‌نی (جه‌وابی جه‌واب)ێكی مومتاز بوو، كه‌ نه‌هه‌رگوێگری ساده‌، مامۆستا ئه‌كادیمیه‌كانی هونه‌ریش به‌ تێڕوانینێكی سه‌رسووڕمانانه‌ هه‌ڵیان ده‌سه‌نگاند.

نمونه‌: گۆرانیی (له‌ دوگمه‌ی سینه‌) كه‌ ده‌قه‌كه‌ هی نالیی مه‌زنه‌، كه‌ ئاوازه‌كه‌ هی (مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د)یه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی گۆرانیه‌كه‌، مه‌قامێك ده‌چڕێ(شه‌رابی له‌علی ڕومانی له‌ نالی) حه‌شرێ به‌ و دێڕه‌ی نالی ده‌كات هه‌ر نه‌بیێته‌وه‌، شاكارێكی له‌بیرنه‌چووه‌. دلنیام ئه‌گه‌ر نالی له‌م زه‌مه‌نه‌ی بوایه‌، سه‌رسامیی خۆی ده‌رده‌بڕی.

به‌رهه‌مه‌كانی:

به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ته‌مه‌نكورتی و دره‌نگ ده‌ست به‌ گۆرانیگوتن و ماوه‌یه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كۆڕی هونه‌ر له‌به‌ر هۆی كوردایه‌تی كه‌ فشاریان بۆ هێناا گۆرانیی به‌سه‌ر قادسیه‌ی له‌عنه‌تیدا بڵێ، به‌رهه‌مه‌كانی له‌چه‌ند گۆرانییه‌ك له‌گه‌ڵ تیپی هه‌ولێر له‌ ته‌له‌فزیۆنی تۆماریكردن و ئاهه‌نگ و بۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان تێناپه‌ڕن. ئه‌و گۆرانیانه‌ی له‌گه‌ڵ تیپی هونه‌ریی هه‌ولێرێ تۆماری كردن و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی هه‌بوو، به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م بۆ قادر زیره‌ك، كه‌ له‌گه‌ڵ تیپێكی ناوداری وه‌كوو هه‌ولێر به‌ ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنێكی ده‌گمه‌ن و چێژبه‌خش تۆماری كردن. ناكرێ رۆڵی دوو مامۆستا له‌و نووسینه‌دا فه‌رامۆش بكه‌ین له‌ قۆناغی وه‌رچه‌رخانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند، ئه‌وانیش مامۆستایان(وریا ئه‌حمه‌د و ڕزگار خۆشناو)ن، كه‌ قادر زیره‌كیان له‌ قالبه‌كی خۆڕسكانه‌ گواسته‌وه‌ قۆناغی گۆرانیگوتنی ئه‌كادیمیانه‌،

گۆرانیه‌كان:

دوگمه‌ی سینه‌(ئاوازی:وریا ئه‌حمه‌د)

ئه‌مان سادقی دلی شه‌یدا

شیعری :ئه‌خته‌ر

ئاماده‌كردن و ئاوازی(مامۆستا ڕزگار خۆشناو)

دوورم له‌ یاران (ئاواز و تێكستی رزگار خۆشناو)

له‌بنه‌وار: فۆلكلۆر: ئاماده‌كردن( وریا ئه‌حمه‌د)

(بازی كوێستانان)

وه‌ره‌ قوربان(گۆرانیی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك)

_چه‌پكه‌ گۆرانیه‌كی ناوازه‌ له‌گه‌ڵ تیپی هه‌ڵپه‌ڕكێی هونه‌ره‌ میللییه‌كانی هه‌ولێر كه‌ له‌گه‌ڵ (جه‌لال سه‌عید) به‌ دووقۆڵی ده‌یانچڕی، ره‌ونه‌قه‌كی دیكه‌ی دابووه‌ شاییه‌كه‌(سه‌بری به‌چاوی مه‌سته‌وه‌، هه‌دروونه‌.... هتد)

به‌حوكمی ئه‌و ده‌نگه‌ ناوازه‌ی كه‌ هه‌یبوو، زۆر لێزان بوو له‌ چڕینی مه‌قامه‌كانی، باشی ده‌گوتن، مه‌قامناس و مه‌قامزانێكی باش بوو، كه‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌خسته‌ گه‌ڕ كه‌ بچێته‌ ناواخن و بنج و بناوانی شیعره‌كه‌ی به‌ مه‌قام ده‌یچڕێ. به‌ ئاواز گوزارشت له‌ تێكسته‌كه‌ بكات و به‌ باشترین و چێژبه‌خشترین شێوه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ گوێگر، نموونه‌(دوگمه‌ی سینه‌)

(چاوه‌كه‌م چاوت هه‌ڵنه‌ سوورمه‌بی چاوم ئه‌تۆی

تاوسی باخی به‌هه‌شتی یان به‌ عه‌مده‌ن وا ده‌ڕۆی)

 مه‌قامی (ڕاسپارده‌یه‌ك پێش مردن (گیانه‌ كه‌ مردم پێی راگه‌یێنه‌) كه‌ مامۆستا ڕزگار خۆشناو بۆی ئاماده‌ كردبوو، به‌ ده‌ست و قامكه‌ زێڕینه‌كانی ئامێری عوده‌ی بۆ ژه‌ند، به‌ بۆچوونی من به‌ مه‌قامه‌ هه‌ره‌ كاریگه‌ره‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌، ماوه‌یه‌ك پێش جوانه‌مه‌رگبوونی چڕیویه‌تی، كه‌ هه‌سته‌ لاشعووریه‌كه‌ و بۆچوونی خۆی كه‌ مردنی نێزیك بۆته‌وه‌ وای كردوه‌. ئه‌و مه‌قامه‌ی ده‌ڵێی بۆ خودی خۆی چڕیوه‌. هه‌رله‌به‌ر ئه‌وهۆیه‌یه‌ ئێستاش كه‌ گوێدێری ده‌بین هه‌ر كاریگه‌ره‌ له‌سه‌رمان و مووی پرچمان زیك راده‌وه‌ستێ.

قادر زیره‌ك جگه‌ له‌ ده‌نگه‌خۆشییه‌كه‌ی، كه‌سێكی به‌ڕێز بوو بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، دڵگه‌وره‌یی و لێبورده‌ییه‌كه‌ی هه‌ر وه‌سف ناكرێ. حه‌قگۆبوو، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌لای ئه‌و هه‌رده‌م له‌ چڵه‌پۆپه‌ی بوو. دائیره‌ی ئه‌من چه‌ند جارێك بانگیان كرد، ته‌ماعی پاره‌و پوولیان دایێ، وتی مه‌گه‌ر بمرم ئه‌گینا قه‌ت خۆم چاوبه‌ره‌وژێری نه‌ته‌وه‌كه‌م ناكه‌م. له‌ فه‌رمانگه‌ی ئه‌شغاڵ كه‌ فه‌رمانبه‌ر بوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوامێرانه‌ی له‌سه‌ر كار لایان برد،

هه‌تا سه‌ریشی نایه‌وه‌ خه‌می نه‌ته‌وه‌ له‌پرسه‌ هه‌ره‌ بایه‌خپێدراوه‌كان بوو له‌ لای قادر زیره‌ك.

ئه‌نجام

قادر زیره‌كی نه‌مر، راسته‌ ته‌مه‌نكورت بووی، هێشتا زوو بوو، زۆرت له‌هه‌گبه‌دا بوو كه‌ داری داهێنانی پێ كه‌سكتر تر بكه‌ی. خه‌رمانی هونه‌ری پێ زه‌نگینتر بكه‌ی. به‌س دلنیابه‌ به‌ جه‌سته‌ش ماڵئاواییت كردبی هوزاری ڕۆحی ڕه‌نجاوت له‌ نه‌غمه‌ی چڕین ناكه‌وێ، ئه‌ی شالووره‌ چێژبه‌خشه‌كه‌ی گۆرانی كوردی.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.