Erbil 23°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:04

نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی خۆی لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق راگەیاند

داوای باشكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كار دەكات
کوردستان TV
100%

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نیگەرانی خۆی دەربارەی ئەو خۆپیشاندانانە راگەیاند كە چەند رۆژێكە شار و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیان گرتۆتەوە.

یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین كە بەدەم داوا ڕەواكانی ئەو خۆپیشاندەرانەوە بچێت كە داوای باشكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كار دەكەن.

هاوكات داواشی لە هێزە سیاسییەكان كرد كە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا ئەولەوییەت بدەن بە حوكمڕانییەكی دروست و چاكسازی و بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاماژەشیدا بەوەی دەكرێت لەورێیەوە هەلی كار بڕەخسێنن و خزمەتگوزاری گشتی ژیارییش پێشكەش بە هاووڵاتییان بكەن.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان راشیگەیاند كە هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەن لەئاست ئەو توندوتیژی و كارە تێكدەرانەی كە لە خۆپیشاندانەكان كەوتنەوە و هۆشداریشدا كە بەردەوامبوونی ئەو رەوشە ناسەقامگیرە كاریگەری خراپ لەسەر رەوشی ئەمنی و ئابووری سەرتاسەری عێراق دروست دەكات.

یان كۆبیچ داواشی لە هێزە كاریگەرەكانی عێراق كرد كە بەئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ بەشێك لە كێشە بەردەوامەكانی وڵاتەكەیان كۆببنەوەو جەختیشیكردەوە كە پێویستە پەلە بكەن لە دروستكردنی حكومەتێكی نیشتمانیی نوێ كە پشتگیری چاكسازی بكات لە عێراقدا.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.