ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 10/7/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری، به داوه‌تێكی فه‌رمی سه‌ردانی هۆڵه‌ندای كرد و پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆش له‌لایه‌ن به‌ڕێز مارك ڕۆته سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌نداوه له ئۆفیسى خۆى له ده‌نهاخ، پێشوازی لێكرا.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا و هاوكارییه‌كانی هۆڵه‌نداى بۆ گه‌لی كوردستان له ناوه‌ڕاستى حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه كه پێشوازى له په‌نابه‌رانى كوردستان كرد، تا ده‌گاته هاوكاریكردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان له شه‌ڕی دژی داعشدا و به‌رده‌وامیى هاوكارییان له ڕووی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه، هه‌روه‌ها دوا سه‌ردانی وه‌زیری بازرگانی و په‌ره‌پێدانی هۆڵه‌نداى بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌رز نرخاند.
به‌ڕێزیان سوپاسی به‌ڕێز ڕۆته‌ی كرد بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ى له كاتێكی زۆر سه‌ختدا بۆ هه‌رێمی كوردستان كردیان كه له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه مانایه‌كی گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا دووپات كرده‌وه و هیواى خواست هه‌رێمى كوردستان بتوانێت له ئه‌زموونی وڵاته‌كه‌یان له بواره جیاكاندا به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو بوارى كشتوكاڵ و ئاودێریدا، سوودمه‌ند بێت.
دواتر پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و گرنگیی به‌شداری و ڕۆڵی لایه‌نه كوردستانییه‌كان له حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق پێشكه‌ش كرد و ئاماده‌یی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به ڕێگه‌ی دیالۆگ و به‌پێی ده‌ستوور ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی زیاتریان و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌ترسیی داعش له ناوچه‌كه، جه‌ختیشى له پێویستیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان بۆ بنبڕكردنی مه‌ترسییه‌كه و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ كێشه ناوخۆییه‌كانی عێراق و هاوكاریی هاوپه‌یمانان له‌مباره‌یه‌وه، كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و شاندی یاوه‌ری نیشان دا و ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌ربڕی و هیوای پێشخستنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی خواست، هه‌روه‌ها نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه به‌رامبه‌ر به داعش و پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان له مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ى به‌رز نرخاند.
به‌ڕێزیان ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌ر هاریكارییه‌ك به‌مه‌به‌ستی بنه‌بڕكردنی مه‌ترسیی تیرۆر و پرۆسه‌ی چاكسازى له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه نیشان دا، هه‌روه‌ها هیوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدای خواست و پشتگیریى ڵاته‌كه‌ی بۆ بوونی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان له به‌غدا و ڕۆڵی به‌رچاویان له په‌رله‌مان و حكوومه‌تی عێراقدا ده‌ربڕى.
ده‌رباره‌ی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌نداش، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه شاندی هۆڵه‌ندی ڕاپۆرتێكیان له‌باره‌ی دوا سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده كردووه و ئێستا ئه‌وان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن تا ئه‌و بوارانه ده‌ستنیشان بكه‌ن كه حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا ده‌توانێت تیایاندا هاوكارى خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه هه‌ر یه‌كه له به‌ڕێزان، د. فوئاد حسێین سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمى و د. دلاوه‌ر خالد ئاژگه‌یى نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا دوایین پیشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى عێراق، ناوچه‌كه و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستییان تاوتوێ كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.