Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 20:42

سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپه‌رێت له‌ نێو کۆمه‌ڵگای کوردیدا

یەکەمجار ساڵی ١٩٢٥ لەشاری سلێمانی بووە
کوردستان TV
100%

سەبارەت بەسەرھەڵدانی ھونەری ئۆپەرێت لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا،مخابن لەڕووی مێژووەوە خاوەن مێژوویەکی دێرین نییە و ھونەرێکی نوێیە .

ئەوەش، کە ھەیە سەرچاوەکەی زێتر دەگەڕێتەوە بۆ سوودوەرگرتن لە بابەتە فۆلکلۆرییەکان، ڕەنگە ئەوەش بەھۆی ئەوەوە بێت، کە خودی بابەتەکە بابەتێکی شانۆییی گۆرانیئاسا و جۆرێک سادە و ساکاریشی لە ڕووی بەکارھێنانی کەرەسە زمانییەکانەوە پێوە دیارە .

 دەرکەوتنی ئۆپەرێت سەرەتا و  یەکەمجار ساڵی ١٩٢٥ لەشاری سلێمانی بووە، تەنانەت بەشێوەیەکی پەخشانیش بووە، نەک ھۆنراوە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە، کە وریابوونەوەیەکی ڕۆشنبیریی باژێڕی سلێمانی لە ١٩٢٥ـدا و گوڕێکی ئەدەبی و ھونەری شانۆپەروەریدا ھەڵکەوتووە.

ھەرچی بەرھەمێکی ئەدەبی شانۆیی دانراو و وەرگێڕدراو ھەیە تا سەرەتای پەنجاکانیش ھەربەپەخشانی ئەدەبییەوە، نەک ھۆنراوە، لەگەڵ ھونەری شانۆ دواون، وێڕای ئەوەش ئاواز و مۆسیقاش چ کردەویەکی ھەستپێکراو و کارامەی نەبووە .

 بەڵام ئەوەی لەدووتوێی ئۆپەرێتی کوردیدا چ لەڕووی مێژووەوچ لە ڕووی دەقەوە بەرچاو دەکەوێت و گەلێک لەشارەزایانی ئەوبوارە ئاماژەیان پێداوە ئەوەیە، کە ئۆپەرێت وەکو کارێکی ھونەری و پیادەکردنی و پیادەکردنی لەنێو کۆمەڵی کوردیدا، کە ھەوڵیداوە شان بەشانی میللەتانی دەوروبەر ھەنگاوبنێت. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٧لە شاری سلێمانیدا، کە بە دەستپێکی ئەوھونەرە دادەنرێت و لەھەمانکاتیشدا بە شیعر بووە .

  کەمال رەئوف محەمەد دەڵێت : مێژووی سەرھەڵدانی ھونەری ئۆپەرێت، وەک بابەتێکی ھونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٧، کە یەکەم ھەوڵ و کۆششی بۆ دراوە -بە نێوی دلاوەران، کە لەلایەن شاگردانی قوتابخانەی یەکەمی سلێمانییەوە پێشکەشکراوە و بنچینەی بابەتەکەیشی پەخشانێکی فرانسەوی وەرگێڕدراوی (مەحموود جەودەت )ی ڕۆشنبیرە، کە نووری شێخ ساڵحی شاعیر خستوویەتیە قاڵبی ھۆنراوەی سروودی نیشتمانی و مامۆستایەکی مۆسیقای سوپایی وفێرکەری شاگردانی قوتابخانەی یەکەمی سلێمانی (عەبدولواحیدی ئاغا مستەفای کۆیی) لەسەر ئاوازی فارسی بێگانە دیشب کە مرا وچع وگن در نڤر ێمد}ڕزاندوویەتیەوە .

بەڵام عەبدولڵا رەحمان عەوڵا لەکتێبی (شیعری شانۆیی لە ئەدەبی کوردی)ـیەکەیدا دەڵێت: یەکەم ئۆپەرێتی کوردی لەشاری سلێمانی، دەقی شیعری (ڕینتیباە)ی(شێخ نووری شێخ ساڵح )ـە، کە لە ساڵڕۆژی ١٩٢٧ نمایش کراوە، پاشان ھەرھەمان ئۆپەرێت ساڵی ١٩٥٤ لە (شەقڵاوە)ش جارێکی تر نمایش کراوەتەوە، بەڵام لێرەدا ئەوە بەرچاو دەکەوێت، کە دەقە شیعرییەکەی شێخ نووری دەگەڕێتەوە بۆ کارە وەرگێڕانییە بەدەستکاریکراوەکەی شەھیدی ھەڵوێست  مەحموود جەودەت .

 ھەر لەو چوارچێوەیەدا (حەمەی مەلاکەریم) لەسەر زاری (کاکەی فەلاح)ی شاعیر لەلێدوانێکیدا سەبارەت بە بنچینەی ھونەری ئۆپەرێت، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەوڵ و دەستپێشخەریی (و جەودەت)ی شەھید، کە( کاکەی فەلاح) دوای ھەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیویەتی ڕاستیی ئەو زانیارییانە بخاتەڕوو و جەختیشی لەسەربکاتەوە. ھەروەکو دەڵێت : لەم مەیدانەدا شاعیر و نووسەر (کاکەی فەلاح) گەیشتە ئەوە،کە بتوانێ پارچەیەکی پەخشان بدۆزێتەوە، کە ناوەڕۆکەکەی بەتەواوی لە ناوەڕۆکی (دلاوەران )ئەچێ، و شەھیدی ڕێگەی کوردایەتی خوالێخۆشبوو ( مەحمود جەودەت) بەئیمزای خۆی، وە لەژێر سەروتاری ( انتباە)دا لە ژمارە (٢١)،(٢٢)ی ڕۆژنامەی (ژیانەوە)دا بڵاو کردووەتەوە، کە لە مانگی ١٩٢٥دا دەرچووە وە لەپێشەوە نووسیوە ئەم گۆرانییە لە لایەن ژنە فرانسزێکەوە، کە ناوی (ماری ژۆزەف شەنی)یەوە وتراوە و لەناو فرانسزەکاندا بووە بە گۆرانییەکی زۆر مەرغوب و مەشھوور و میللی .

 کەواتە دەتوانین بێژین دەقە شیعری (انتباە) بە یەکەم دەقی ھونەری ئۆپەرێتی کوردی دادەنرێت و لەو مێژووەشەوە گەلێک لەشاعیران و نووسەران ھەوڵیاندا و ئەسپی ھونەری خۆیان تاودا و بەھەرشێوەیەک گونجاوبووبێت گەلێک دەقی شیعریی جوانیانە بۆئەومەبەستە ھونەرییە نوێیە ھۆنیوەتەوە و لە ڕێگەی شانۆکاران و ھونەرمەندانەوە نمایشکراوە و پێشکەش بە بینەرانی کورد کراوە، نموونەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش وەکو : ( گۆران، کامەران موکری، بێکەس،شاکر فەتاح،ڕ.ب.ھەوری ھتد) .

 بەڵام بەلای گەلێک لەشارەزایانی کورد (گۆران) بەسەرمەشق و ڕابەرو دامەزرێنەریھونەری ئۆپەرێتی کوردی دادەنرێت و لەوبوارەدا گەلێک دەقی شیعریی جوانی، وەکو: (ئەنجامی یاران، ئەنجامی ئەژدەھاک، ماستاو، جوقی یۆنسکۆ، موحاکەمەی مام چەوەندەر، جق و نق …ھتد) لەدووتوێی ھونەری ئۆپەرێتدا بەرچاو دەکەون . 
 
ھەرلەم بوارەشدا ( کەمال رەئوف محەمەد)سەبارەت بەڕۆڵ وگرنگیی (گۆران)ی شاعیر دەڵێت : یەکەم ھەنگاوی گۆران، کە لای من دامەزرێنەری ئەم ئەدەبەیە، وتووێرەی ھۆنراوەیی (گوڵی خوێناوی١٩٣٤)، کە ھەتا ساڵی١٩٤٦ لەشانۆکانی سلێمانی و ھەولێردا، وەک (ڕەفیق چالاک)ی ھونەرمەند دەگێڕێتەوە ھەربەشێوەی وت و وێرە-دیالۆگ-ی شانۆیی پێشکەش کراوە .

لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا و تێپەڕبوونی کات ھونەری ئۆپەرێت زیاتر سەرنجڕاکێشتر دەبێت وکاریگەریی لەسەر ھزر و تێڕوانینی شانۆکاران و شاعیران و نووسەرانی کورد بەجێ دەھێڵێت، بەتایبەتیش لەساڵانی حەفتاکاندا، کە بینەرێکی باش بۆ ھونەری ئۆپەرێت دێتە کایەوە .
 ئەوەی ھەیە بابەتەکە زێتر لەچوارچێوەی منداڵانەوە دەسوڕایەوە و بۆ ئەوانیش بەگەڕ دەخرا، ھەروەکو (بورھان قەرەداغی) دەبێژێت : ھونەری ئۆپەرێت لەکوردستاندا بۆ قۆناغەکانی باخچەی ساوایان و پۆلەکانی بنەڕەتی و سەرەتایی بەکار ھاتووە، واتە لەزۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا لەلایەن ھونەرمەندانەوە بەھەند ئاوڕ لەم ھونەرە نوێیە درایەوە و بووە بابەتێکی گرنگ و بەھۆیەوە گەلێک دەقی ئۆپەرێتی جوان و سەرنجڕاکێش نمایش کرا.

سه‌رچاوه‌ : هه‌ولێر 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.