مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی كۆماری ئیسلامی ئێران و وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، داوای یارمه‌تی بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستنیشانكردنی شوناسی جینۆسایدكراوه كورده‌كان ده‌كات.
وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان له دیوانی وه‌زاره‌ت پێشوازیكرد له وه‌فدێكی هاوبه‌شی لیژنه‌ی تایبه‌ت به ونبووان كه له ئێستادا هه‌رێمی كوردستان میوانداری ئه‌و لیژنه‌ی كردووه كه بریتی‌بوو له نوێنه‌رایه‌تی عیراق و كۆماری ئیسلامی ئێران و خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی.
له دیدارێكدا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانیان خواست و ئاماده‌كاری وه‌زاره‌تی بۆ خزمه‌تكردنی به كه‌یسی ونبووان ده‌ربڕی و داوای لێ‌كردن به‌تایبه‌تی له خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی كه هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی رووفاتی بێسه‌رشوێنبووانی ئه‌نفالكراوان و ناسینه‌وه‌ی رووفاته‌كان له‌ڕێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی DNA.
هه‌روه‌ك داوای له نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران كرد هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی دوای بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه خانه‌واده ئێرانییه‌كان به‌خێویان كردوون. داواشیكرد سه‌باره‌ت به منداڵه ونبووه‌كان كه پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و پرسه ده‌كات كۆببنه‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه وه‌فدی كۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای سوپاسكردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌دواداچوونی ونبووانی شه‌ڕی نێوان عیراق و ئێران، به‌ڵێنیاندا له‌ڕێگه‌ی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی پزیشكی كه‌وسه‌ر كه به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌ندامه له لیژنه سێ قۆڵییه‌كه، هاوكاربن بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی DNA.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراقی ئاماده‌ییان ده‌ربڕی بۆ هاوكاریكردن و كارئاسانی بۆ گه‌ڕان و سۆراخكردنی قوربانیانی ئه‌نفال.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.