ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه 1/7/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له شاندێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا كرد كه به ڕاسپارده‌ی "مایك پێنس" جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له دۆخی پێكهاته جیاوازه‌كان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه.
شانده‌كه له باڵیۆز مارك گرین به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی، دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، جیڤ ڤۆرتنبێری ئه‌ندامی كۆنگرێس، فرانك وۆڵف ئه‌ندامی خانه‌نشینی كۆنگرێس، باڵیۆز سام براونبارگ نێردراوی تایبه‌تیی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئازادیی ئایینی نێوده‌وڵه‌تی، كین گرۆس كونسولی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێكهاتبوون.
شانده‌كه سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشییان له حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ له‌خۆگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر كه سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌كان جێگه‌ی حه‌وانه‌وه و خزمه‌تگوزاریی پێویستیان له هه‌رێمی كوردستان بۆ دابین كراوه و هیوایان خواست ئاسایش و ئارامیی بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانیان، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌رز نرخاند.
لای خۆیه‌وه "نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای كرد و به‌گرنگی وه‌سف كرد، دووپاتیشی كرده‌وه كه پێكهاته جیاوازه‌كان پێویستییان به پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تییه تاكو متمانه‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه ده‌ربڕی.
سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه پێكهاته‌كان ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژووییی قووڵیان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، بۆیه به پێویستی زانی متمانه‌یان بۆ دروست بكرێت تاكو له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بمێننه‌وه و نه‌چنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه بریتی بوو له تاوتوێكردنی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه، هاوكاریی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاواره‌كان و چۆنیه‌تیی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له دیداره‌كه‌شدا "د. فوئاد حسێن" سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.