Erbil 3°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:12

ئه‌نه‌که‌سه‌: پەیەدە دەیەوێ ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەستی ڕژێمی سووریا بکاتەوە

جارێكی دیكه‌ ده‌زگا حكوومییه‌كانی ڕژێم ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوای كوردستان
کوردستان TV
100%

به‌ گوته‌ی سكرتێری حیزبێكی نزیكی ‌په‌یه‌ده‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ په‌یه‌ده‌ ده‌ستبه‌رداری سیسته‌می فیدراڵی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كانتۆنه‌كان ده‌بێت و هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن و جارێكی دیكه‌ ڕژێم ده‌بیته‌وه‌ ده‌سته‌ڵاتدار، نوێنه‌ری ئه‌نه‌كه‌سه‌ش له‌ هه‌رێم ئه‌و هه‌واڵه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، ده‌ركه‌وت ڕشتنی خوێنی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا بۆ به‌رژوه‌ندیی په‌یه‌ده‌ و ڕژێمی سووریا بووه‌.

مه‌حموود مه‌رعی، سكرتێری گشتیی حیزبی نوێی پاشه‌ڕۆژی سووریا، كه‌ نزیكه‌ له‌ په‌یه‌ده‌، له ‌لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی ڕه‌ئی كوێتی باسی له‌وه‌ كردووه‌، په‌یه‌ده‌ ده‌ستبه‌رداری فیدراڵیه‌ت و خۆبه‌ڕێوه‌بردن و كانتۆنه‌كان بووه‌ و به ‌داواكاریی ڕژێمی سووریا ڕازی بووه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێییه‌كان له‌ هه‌موو شاره‌كان ئه‌نجام بدرێن، له‌ ئه‌نجومه‌نەوە تا ده‌گاته‌ پارێزگار و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌نگاوی كرداری ده‌نرێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ جه‌دعان عه‌لی، نوێنه‌ری ئه‌نه‌كه‌سه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاندوه‌" خه‌ریكه‌ ڕێككه‌وتنی نێوان په‌یه‌ده‌ و ڕژێمی سووریا به‌كۆتایی دێت و ڕۆژئاوای كوردستان ڕاده‌ستی ڕژێم ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا وێنه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و وێنه‌ی شه‌هیده‌كان ودروشمه‌كانی خۆیان له ‌كانتۆنه‌كان هه‌مووی هه‌ڵگرتووه‌ و جارێكی دیكه‌ ده‌زگا حكوومییه‌كانی ڕژێم ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بازگه‌كانی ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژێم تێكه‌ڵ كراون، بۆیه‌ هه‌موو كاره‌كان به ‌هه‌نگاو ده‌كرێت و نایانه‌وێت به ‌یه‌كجار ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ نه‌بنه‌وه‌ و په‌یه‌ده‌ش به‌بێ هیچ مه‌رجێك ده‌چنه‌ شام و هاتوچۆ بۆ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ڕژێم ده‌كه‌ن.

جه‌دعان عه‌لی باسی له‌وه‌ش كرد" مه‌به‌ستی په‌یه‌ده‌ له‌م كاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ وه‌كو پێشوو ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی بەعس به‌ته‌واوی بگەڕێته‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕێككه‌وتن كراوه‌."

وتیشى" به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌موو قوربانییه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ خوێن به‌ ده‌ست هاتوون، بۆ خزمه‌تی گه‌لی كورد نه‌بووه‌ و بۆ به‌رژوه‌ندیی په‌یه‌ده‌ و ڕژێمی سووریا بووه‌ و هیچی بۆ كورد تێدا نه‌بووه."

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.