Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 18:50

فازڵ میرانی و دوگلاس سیلیمان، بارودۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیان تاووتوێکرد

پێویستە حكوومەتی نوێی عێراق، پرەنسیپەكانی سازان و هاوسەنگیی تێدا پەیڕەو بكرێت
کوردستان TV
#7
100%

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، پێویستە حكوومەتی نوێی عێراق، پرەنسیپەكانی سازان و هاوسەنگیی تێدا پەیڕەو بكرێت و دەشڵێ، تەبایی و یەكڕیزیی كورد لە بەغدا، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان زۆر پێویستە.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، دوگلاس سیلیمان و، كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كن گرۆس و، شاندێكی یاوەری كرد.

لە دانیشتنێكدا كە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئامادەی بوو، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سەبارەت بە بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لێكەوتەكانی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دوا و، باسی لە سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا و چاوپێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق و ئاڵۆگۆڕكردنی بیروڕا كرد و، گوتی كە دەبێت دانوستانەكانی لایەنە براوەكانی عێراق و كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بە شێوەیەك بێت كە پڕۆژەی سیاسی و كارنامەی حكوومەت بۆ ئێستا و داهاتووی عێراق، جێی رەزامەندیی هەموو لایەنە سیاسییەكان بێت.

میرانی، هەروەها جەختی كردەوە لەوەی كە، پێویستە حكوومەتی نوێی عێراق، پرەنسیپەكانی سازان و هاوسەنگیی تێدا پەیڕەو بكرێت بە بەشداریی كارای هەموو لایەنەكان، هەروەها تەبایی و یەكڕیزیی كوردیش لە بەغدا، زۆر پێویستە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژەی بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا لەسە ر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ڕەتكردنەوەی دەنگەكانی هێزی پیشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، دەنگی ئەو قارەمانانەی كە بەوپەڕی ئازایەتییەوە بەرگرییان لە خاك و گەلی كوردستان و عێراق كرد و، لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستانی داعشیان كردووە، بۆیە بڕیاری لەم جۆرە كە نادەستووری و نایاساییە، دەبێتە هۆی نانەوەی نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسی.

باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، دووپاتی كردەوە كە خوازیارە كێشە و ململانێكان لە عێراق لە رێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەییشتنەوە چارە بكرێن و هاوتەریب بن لەگەڵ یاسادا، چونكە ئاساییش و ئارامیی ئەم ناوچەیە، بۆ ئەمەریكا و جیهان گرینگە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.