رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتی وەرزی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانی دایەوە و ڕای گەیاند، حزبە سەرەكییەكانی هەرێم هەموو ئامادەیییەكیان نیشان داوە بۆ پێداچوونەوە و دڵنیابوون لە شەفافییەتی پرۆسەی هەڵبژاردن.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ڕاپۆرتی وەرزیی سەبارەت بە بارودۆخی عێراق بڵاو کردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا چەندین تەوەری گرێدراو بە عێراق خراونەتە ڕوو، لە ناویاندا ڕووداوی ئەمنی لەم وڵاتە، دابەزینی ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەوڵەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان، گلەیی تورکمان و عەرەبەکان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی عێراق لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، پرۆژەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەو ناوچانەی بە هۆی جەنگەوە زەرەرمەندبوونە، کێشەی مرۆیی و گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارە و پەنابەران، دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە کەمپەکان، لەسێدارەدان، و ...هتد.
دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وڵامێکی سەبارەت بەو خاڵانە بڵاو کردەوە، کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێ کراوە، لەسەر ئاستی عێراق و بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتر هەبێت سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ڕووانەوە کە باسیان لەسەر کراوە، چونکە لەم ڕاپۆرتەدا وەک پێویست ئاماژە بە هەوڵ و کۆششەکانی حکوومەت نەکراوە. پێویست بوو باس لەو قوربانیانە کرابا کە حکوومەتی هەرێم داویەتی لە ڕزگارکردنی بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کە لە عێراقدا داعش داگیری کردبوون، هەروەها شەهیدبوونی 1814 پێشمەرگە و برینداربوونی زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە.
هەرچی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانە، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت: بە خۆشحاڵییەوە هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان لە فەزایەکی ئارام و سەقامگیردا ئەنجام دراوە و هێزە ئەمنییەکان هێمنی و ئاسایشی تەواوی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیان پاراستووە. ڕێژەی بەشداریکردنیش لە هەرێمی کوردستان بە بەروارد بە عێراق ڕێژەیەکی زۆر بووە و لە عێراق تەنها ٤٤،٥٦ % بەشدارییان کردووە". سەبارەت بە بەشداریی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسیدا لە عێراق ژمارەیەکی زۆری ئافرەت لەسەر لیستە کوردییەکان خۆیان هەڵبژاردووە و زۆرینەشیان دەنگیان هێناوەتەوە. لە ساڵانی ڕابردووش پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق و تەشکیلدانی حکوومەت لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی، یەکەم لیست بووە کە نوێنەری ژنی ناردووەتە بەغداد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕایگەیاند: "ئەوەی دەگوترێت چەند حیزبێکی کوردستانی پێشوازییان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کردووە، دروست نییە، تەنانەت یەک لە حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە ڕەخنەی لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە و بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کەرکووکیان نەکردووە". هەروەها سەبارەت بە پێداچوونەوە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا حیزبە سەرەکییەکانی هەرێم، لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو ئامادەییەکیان نیشان داوە بۆ پێداچوونەوە و دڵنیابوون لە شەفافیەتی پرۆسەکە.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆی دەرچوونی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە فەرمییەکان، هێزەکانی ئاسایش لە کەرکووک و داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم ئاگاداری شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە شاری کەرکووک نین. تەنانەت بەشێکیش لە ئەحزابی سیاسی بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردووە و دەبوو نەتەوەیەکگرتوەکان باسی لەمە کردبا.
دیندار زێباری ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لەم ڕاپۆرتەدا بە پێی پێویست باس لە هەوڵ و هەنگاوەکانی حکوومەت نەکراوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی جارێکی دیکە ڕوویان لە هەرێمەکە کردووە و ئاماژەیان بەو ئاستەنگ و بارگرانیانە نەکردووە کە ڕووبەرووی حکوومەتی هەرێم بوونەتەوە، بەتایبەتی لە ڕووی دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی ئاوارەکان. پێویستە یوئێن و وڵاتانی کۆمەکبەخش بە شێوەیەکی بەرفراوانتر هاوکاریی هەرێم بکەن لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکان و زیاتر بیر لە قۆناغی مامناوەندی بکەنەوە، چونکە حکوومەتی هەرێم لە ڕووی تەندروستی و پەروەردەوە فشارێکی زۆری لەسەرە.
دیندار زێباری تیشکیشی خستە سەر بابەتی لەسێدارەدان کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە و ڕایگەیاند: "دەبوو نەتەوەیەکگرتوەکان لە ڕاپۆرتی وەزری خۆیان ئاماژەیان بەوە کردبا کە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ــەوە بە یاسا، سزای لەسێدارەدان وەستێندراوە تەنها بۆ هەندێک کەیسی دەگمەنی کۆمەڵایەتی نەبێت".
لە کۆتاییدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێوەدەوڵەتییەکان سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە کوردستان گوتی: "مەوقیفی هەرێم زۆر وازحە و داواکارین بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لەم بارەوە جێبەجی بکرێت و هەرچی زووە دەست بە لێکۆڵینەوە بکرێت لەو بوارەوە، چونکە لەم کەیسەدا قوربانیانی سەرەکی، پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستانن و پێویستە لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.