سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە دیداریدا لەگەڵ کونسووڵی تورکیا لە هەولێر ڕایگەیاند، كە پارتى بەرنامەى وزارى و میكانیزمى جێبەجێكردنى لا گرنگترە و ئەم جارە هەڵوێستى كورد كراوە نابێت، بەڵكو مەرجدار دەبێت بۆ پشتگیریكردنى هەر كاندیدێك بۆ حكوومەتى عێراق و لە سەرووى هەموویان جێبەجێكردنى دەستوورى عێراق وەك خۆى و بەتەواوى و ڕەچاوكردنى هاوسەنگى و بەشداریى تەواوى پێكهاتەكانى عێراق و گەرەنتى پاراستنى بەرژەوەندییەكانى هەرێمى كوردستان لە چوارچێوەى دەستووردا.
ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسی پێشوازى لە كونسووڵى كۆمارى توركیا، هاكان كاراچاى و شاندى یاوەرى كرد.
لە دانیشتنێكدا وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان، سكرتێرى مەكتەبى سیاسی تیشكى خستە سەر بارودۆخى گشتیى هەرێمى كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بەتایبەت دواى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و باسى هەڵوێست و شیكردنەوەى پارتى بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن كرد، كە هەندێك كەموكوڕتی و هەڵەى تێدا كراوە، بەڵام ئەمە نابێتە بیانوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامەكانى لە سەرتاسەرى عێراق.
فازڵ میرانى سەبارەت بە سەردانى شاندى پارتى بۆ بەغدا و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ لایەنەكانى تر بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە هەڵوێستى ئەوان و گۆڕینەوەى ڕا و بۆچوونى نێوان هەردوولا تەئكیدى كرد، كە پارتى بەرنامەى وزارى و میكانیزمى جێبەجێكردنى لا گرنگترە و ئەم جارە هەڵوێستى كورد كراوە نابێت، بەڵكو مەرجدار دەبێت بۆ پشتگیریكردنى هەر كاندیدێك بۆ حكوومەتى عێراق و لە سەرووى هەموویانەوە جێبەجێكردنى دەستوورى عێراق وەك خۆى و بەتەواوى و ڕەچاوكردنى هاوسەنگى و بەشداریى تەواوى پێكهاتەكانى عێراق و گەرەنتى پاراستنى بەرژەوەندییەكانى هەرێمى كوردستان لە چوارچێوەى دەستووردا.
كونسووڵى كۆمارى توركیا خۆشحاڵیى خۆى دەربڕى بۆ ئەم دیدارە و تەئكیدى كرد كە ئەوان لەگەڵ هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمى كورستانن و بەشداریى هەموو لایەنەكان لە حكوومەتى داهاتووى عێراقدا گرنگە بۆ پێكهێنانى حكوومەتى داهاتوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.