له درێژهى كۆبوونهوهكانیدا، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له بەغدا لهگهل عادل عهبدولمههدى جێگرى سهرۆك كۆمار كۆبووهوه.
شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی فازل میرانى سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەردانی بەغدای كردووە و تاوەكو ئێستایش چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجام داوه.
ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا، شوان محەممەد تەها، پێوەست بەو سەردانە، گوتی" كۆبوونەوەكانمان بەردەوامن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و ئەمڕۆیش چەندین كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام دەدەین.
گوتیشی" دەمانەوێت بزانین تێڕوانینی لایەنە شیعە و سوننەكان بە چ ئاقارێكدا گوزەر دەكات و، ئێمە تێڕوانینی خۆمان هەیە لەسەر ئاییندەی عێراق و سیستمی حوكمڕانی، چونكە یەكێك لە كێشە گەورەكانی عێراق، سیستمی حوكمرانیە كە زۆر ناتەندروست بووە و زۆر پێداگریمان لەسەر ئەوە كردووە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان بكرێت، چ میكانیزمێك هەیە بۆ ئەوەی بتواندرێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارە بكرێن و، پەرلەمان نەكرێتە دەزگایەكی حیزبی و نەبێتە شوێنێك بۆ پێكانی لایەنەكانی دیكە، چونكە پەرلەمانی رابردوو میسداقییەتی لە دەست دابوو".
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەشڵێ" لە ڕووی دەستوورییەوە داوامان كردووە كە پێویستە پابەندبوون بە دەستوور هەبێت و دەمانەوێت پڕۆژەیەك لە ژێر دەستدا هەبێت كە چۆن جێبەجێ دەكرێت و چ لیژنەیەك سەرپەرشتی دەكات، بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنانەی دەكرێن، جێبەجێ بكرێن، چونكە لە ماوەی رابردوودا چەندین رێككەوتن كراون و هیچیان جێبەجێ نەكراون، بۆیە تا ئێستا كۆبوونەوەكان باش بەڕێوە چوونە و ئەمڕۆیش وێنەیەكی راستەقینەمان بۆ دەردەكەوێت كە قەوارە سیاسییەكان چییان لە هەگبەدایە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.